بەغداد بڕەپارەیەک بۆ هەرێم دەنێرێت

(0) / زایەڵە هەرێمی کوردستان پارە مووچە نەوزاد شێخ كامیل


Apr 29, 2022

قەبارەی فۆنت:

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی عێراق جیاوازیی پارەی زیادكراوی تایبەت بە گەنمی جوتیارانی بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانەكرد و دوای جەژنی ڕەمەزان پارەكە بەسەر جوتیاراندا دابەشدەكرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی زایەڵە، لەماوەی ڕابردوودا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیدا بە زیادكردنی بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێك گەنم كە لە جوتیاران وەرگیراوە و بڕیارەكە لە عێراق جێبەجێكراوە و تەنها لە هەرێمی كوردستان ئەو بڕە پارە زیادكراوە و خەرجنەكراوە.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم ڕایگەیاند، حكومەتی عێراق ئەو بڕەپارەیەی تایبەت بووە بە جیاوازیی پارەی زیادكراو بۆ گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ناردوويەتی و تەنها بڕێكی كەمی پارەكە ماوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت.

ئاشكرایكرد، لە دوای جەژنی ڕەمەزان ڕاستەوخۆ لە هەرێمی كوردستان دەستبەدابەشكردنی پارەكە بەسەر جوتیاراندا دەكرێت و پارەكە ئامادەییە و بڕێكی كەمی ماوە و حكومەتی عێراق دوای جەژن بڕە پارەكەی دیكە دەنێردرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم وتی،  ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستە دوای جەژن بەسەر ئەو جوتیارانە دابەشدەكرێت كە گەنمیان بە حكومەتی عێراقیداوە.

پێشتر یەك تۆن گەنم بە 680 هەزار دینار لە جوتیاران وەرگیراوە و تەنها ئەو پارە زیادكراوە ماوە خەرجبكرێت و لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ئەو بڕە پارەیە خەرجكراوە .

کامەران کەریم