ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمى کوردستان: هەنگاوەکانی هەرێم لەبارەی نەوت و گاز پێچەوانەی دەستوور نین

(0) / / کردستان / زایەڵە ئەنجومەنی دادوەری کوردستان نەوت گاز


May 17, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، مامەڵەى حکومەتى هەرێمى کوردستانى تایبەت بە دۆسیەی نەوت و پرۆسەکانى نەوت لەگەڵ دەستوورى عێراق و یاساى نەوت و گازى پەرلەمانى کوردستاندا دێنەوە و پێویستە کارکردن بەو یاسایە بەردەوام بێت.

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى هەرێمى کوردستان رۆژی 17ى ئایارى 2022 راگەیێندراوێکى لەبارەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەى یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان بڵاوکردەوە.

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی هەرێمى کوردستان  ئاماژەى بەوە داوە، مامەڵەى حکومەتى هەرێمى کوردستان تایبەت بە دۆسیە و  پرۆسەکانى نەوت لەگەڵ دەستورى عێراق و یاساى نەوت و گازى پەرلەمان کوردستاندا دێنەوە، بەتایبەت کە دۆسیەی نەوت و گاز لە سنوورى دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانى دەسەڵاتى فیدراڵ نییە، ئەویش بەگوێرەى ماددەى 110ى دەستوور.

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى ئاماژەى ئەوەی خستووەتەڕوو، بەگوێرەى ماددەى 112ى دەستوورى عێراق حکومەتى فیدراڵى لەگەڵ حکومەتى هەرێم و پارێزگاکانى بەرهەمهێنەرى نەوت ئیدارەى پرۆسەى نەوت و گاز دەکات لە کێڵگەکانى "ئێستا" و بەو پێیەش ئەو کێڵگە نەوتییانەى کە لەپاش ساڵى 2005 دۆزراونەتەوە لە هەرێمى کوردستان دەچنە چوارچێوەى دەسەڵاتى تایبەتى هەرێمى کوردستانەوە.

بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنى باڵاى دادوەری، "لەسەر ئەو بنەمایانە یاسای نەوت و گازى هەرێمى کوردستانى ساڵى 2007 پێچەوانەى دەستوورى عێراق نییە.

رۆژی 15ى شوباتى 2022، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق یاسای نەوت و گازى هەرێمى کوردستانى بە پێچەوانەى دەستوور دانا کە لە ساڵى 2007 لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە دەرکراوە.

هەروەها دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیاریدا بە ناچارکردنى هەرێمى کوردستان بە رادەستکردنى بەرهەمى نەوتەکەى بە حکومەتى فیدراڵى.