یەکێتی لە ساڵیادی دامەزراندنیدا جەخت لە پاراستنی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان دەکاتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە یەکێتی پارتی کوردستان


Jun 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەیدا، دەڵێت، "پابەندین بە پاراستنی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان تاوەکو ئەم کۆدەنگی و یەکگرتووییەی گەلی کوردستان بکەینە بناخەی کاری هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا بۆ بەشدارییەکی کارای کورد لە پڕۆسەی سیاسی." دەشڵێت، "پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەكەین."

 چوارشەممە 1-6-2022، ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی 47 ساڵەی دامەزراندنی حیزبەکەی لە ئەندام و لایەنگرانی دەکات و دەڵێت: یەكێتیی لە دۆخی دژواری دوای هەرەس و بۆ سەرخستنی پڕۆژەی رزگاری و سەرفرازی گەلی كوردستان و دابینكردنی ماف و داخوازییەكانی لەسەر بنچینەی مافی چارەنووس هاتە کۆڕی خەباتەوە و سەرۆک مام جەلال و هاوڕێ دامەزرێنەرەكانی دەستپێشخەریی مێژووییان كرد و دوای ساڵێكیش لە دامەزراندن، سەدان هەزار تێكۆشەر بوونە هەوێنی دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ.

 لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم كاروانەی کە بەردەوامە ئامانجی گەورەی بەدیهێناوە و هێشتا زۆری دیکەش ماوە كە بەدیبێنێت؛ ئەم رەوتە لە خەبات و قوربانیدان بە رێبەری سەرۆک مام جەلال و بەگیانی پیرۆزی هەزاران شەهید و رەنجی شانی سەدان هەزار تێكۆشەر گەیشتە قۆناخی فیدرالیی و سەرۆک مام جەلالیش بووە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی عێراقی دیموکرات و فیدرال."

 وەک  مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دەڵێت، "رووداو گەلێكی زۆر لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەكە و عێراق و كوردستان هاتوونەتە ئاراوە كە وامان لێ دەخوازن یەكێتی بە روانینێکی نوێوە رۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت و ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییە تازەکانیش لە ئەستۆ بگرێت."

 لەبارەی پابەندییەکانی یەكێتی لەسەر ئاستی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت، "پابەندین بە پاراستنی یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان تاوەکو ئەم کۆدەنگی و یەکگرتووییەی گەلی کوردستان بکەینە بناخەی کاری هاوبەشمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکاندا بۆ بەشدارییەکی کارای کورد لە پڕۆسەی سیاسی، تەوافوق و شەراکەت، پاراستنی مافە نەتەوەیی و دیموکراتییەکان لە حکومەتی داهاتووی عیراقدا."

 مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پێیوایە کە "ئەم جۆرە سیاسەتە دۆخی چەقبەستوو و ناهەمواری وڵات دەخاتەوە سەر رێچکەی راست و دروستی چارەسەرکردن و رێگە بۆ گەشەپێدانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیش دەکاتەوە."

 لەبارەی دیداری یەکێتییەوە کە ماوەی چوار رۆژە بەردەوام بوو و ئەمڕۆ کۆتایی بە کارەکانی هات، مەكتەبی سیاسیی یەكێتی گوتی: ئەمساڵ دیداری یەكێتی بۆ نوێبوونەوە و چاكسازی تێکەڵ بە یادە مەزنەکەمان بووە؛ ئەم دیدارە لە رێگەی بەشداری هەڤاڵان لە هەموو ئۆرگان و ناوچەكانەوە نەخشەڕێیەكی تازەی كاركردن دەهێنێتە كایەوە. بە بڕیار و راسپاردەكانی لەسەر هەموو ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانە دەوەستێت و رێگەچارەی نوێ بۆ خەباتی حیزبایەتی و حكومڕانی پێشنیاز دەكات، تاوەکو پێکەوە ئەم ئەرکە حیزبی، دیموکراتی و نیشتمانییە سەربخەین

لای خۆشییەوە، قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری سکرتاریەتی مام جەلال باسی لەوە کرد، "ئەمساڵ دوو جار پیرۆزبایی لە هەڤاڵان و هەموو جەماوەری یەکێتی دەکەم، جارێک بەبۆنەی یادی دامەرزاندنی حیزبە تێکۆشەرەکەمان و جارێکیش بەبۆنەی خۆنوێکردنەوەمان."

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی یەكێتی، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی گەرموگوڕ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان دەكات لە رێی پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردن و پێكهاتەی كۆمیسیۆن و پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران."

 مەكتەبی سیاسیی یەكێتی داوا دەكات، "مشتومڕەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان بە زمانێكی ئارام و هێمن بەڕێوەبچن تاوەکو ئاشتی کوردستان زەمینەی پەرەپێدانی دیموکراسی و حوکمڕانی باشتر بخوڵقێنێ."

 بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بافڵ تاڵەبانی ئامادەیی یەکێتی دووپاتکردووەتەوە بۆ گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەپێناو هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، وەک لە چەند رۆژی رابردوو رایگەیاند، "بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی راستەقینە لە حکومڕانی کوردستان بکەین."