چوار لایەنی عێراقی: قۆناغی داهاتوو پێویستی بە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو هەیە

(0) / / عراق / زایەڵە بافڵ تاڵەبانی یەکێتی عێراق


Jun 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دواى کۆبوونەوەى هاوبەشى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و بزووتنەوەی بابلیون بۆ تاووتوێكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت، نوسینگەى بافڵ تاڵەبانى بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەوەى پەلە بکرێت لە لە دەستپێکردنى هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو، كە توانای جێبەجێكردنی داواكاری عیراقییەكانی هەبێت.
دەقى ڕاگەیەنراوەکە:
ڕاگەیاندراوێک لەنوسینگەی بافڵ تاڵەبانییەوە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم و بزووتنەوەی بابلیون كۆبوونەوەیەكی هاوبەش بۆ تاووتوێكردنی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت ئەنجام دەدەن.
رۆژی سێشەممە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی و چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆكایەتی موسەننا سامەڕائی و بزووتنەوەی بابلیون بەسەرۆكایەتی رەیان كلدانی كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا دواپێشهاتە سیاسییەكان و رێگەچارەكانی پەلەكردن لە تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان بە بەشداری هەموو هێزە نیشتمانییەكان تاوتوێ كران.
بەشدارانی كۆبوونەوەكە دووپاتیان كردەوە كە قۆناغی داهاتوو گرنگە و پێویستی بە پەلەكردن لە دەستپێكردنی هەنگاوە كردەییەكانی تەواوكردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەكان و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتێكی گونجاو هەیە كە توانای جێبەجێكردنی داواكاری عیراقییەكانی هەبێت و ژیانێكی شایستە دابین بكات و ئاسایش و سەقامگیریش بۆ هەمووان بپارێزێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە هەموو هێزە كاریگەرەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كرد بەشداری گفتوگۆكان بكەن و ئامادەییشی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەكان لەسۆنگەی باوەڕبوونی بەوەی كە دەبێت حكومەتی داهاتوو حكومەتێكی بەهێز و بەتوانا بێت و خزمەتگوزاری پێشكەش بكات و یەكپارچەیی و سەروەری وڵات بپارێزێت و بەشداربێت لە پاراستنی پێگە و رۆڵی عیراق لە ناوچەكەدا.