دژە تیرۆری کوردستان: دوو مووشەک ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کران

(0) / / کردستان / مووشەک زایەڵە دژەتیرۆر کوردستان


Jun 22, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە راگەیێندراوێکدا دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، شەوی سێشەممە 21ی حوزەیران کاژێر 11:00ـی شەو، دوو مووشەک لەلایەن "میلیشیا لە یاسابەدەرەکانەوە" ئاراستەی هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری ناوەران کران.

لە راگەیێندراوەکەی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 22ـی حوزەیرانی 2022ـی دژە تیرۆری کوردستاندا هاتووە: "دوو مووشەک لەلایەن میلیشیا لە یاسابەدەرەکانەوە لە ناوچەی بازوا لەنێوان گوندی کانینی و باشیکەوە ئاراستەی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری میحوەری ناوەران کران، یەکێک لە مووشەکەکان لە بەرزاییەکانی چیای سمریتی سەر بە قەزای شێخان لە پارێزگای نەینەوا کەوتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "مووشەکی دووەمیش بەرلەوەی بگاتە سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە لە گوندی تیسخراب - باشیک لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵیی کەوتووتەوە خوارەوە."

کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو، مووشەکێک لە گەڕەکی سمریتی سەنتەری قەزای شێخان کەوتە خوارەوە و زیانی گیانی نەبوو. سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، "مووشەکەکە لە باشووری شارەکەوە ئاراستە کراوە و نزیک 100 مەتر لە ماڵەکان کەوتە خوارەوە و زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."

 تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هاویشتنی مووشەکەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە.