عێراق ساڵانە 10 ملیۆن تایەی ئۆتۆمبێڵ هاوردە دەکات

(0) / / اقتصادی / زایەڵە عێراق تایە پیشەسازیی لاستیک


Jul 08, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - حەیدەر ناسر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پیشەسازیی لاستیکی و تایە ئاماژەی بەوە کرد، کۆمپانیاکەیان گرێبەستی هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت هەیە، کە پڕۆژەی دووبارە بەکارهێنانەوەی تایەی بەکارهاتووە لە پارێزگای دیوانییە، بەرهەمەکەش فرۆشی زۆری هەیە.

حەیدەر ناسر راشیگەیاند، پێشتر دوو کارگەی دروستکردنی تایە لە عێراق هەبوو، یەکەم: کارگەی تایەی بابل، ئێستا کارناکات، بەهۆی نەبوونی ئامێری نوێ و نەبوونی بازاڕ بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکان، ئامێرەکانی بەرهەمهێنان کۆنن بۆ حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە. دووەم: کارگەی تایەی دیوانییە، بەرهەمی ساڵی 2017 لە کۆگەکانە، بەڵام نەخراوەتە بازاڕەوە و ساخ نابێتەوە، بەرهەمهێنانیش بەبێ بازاڕکردن، جۆرێکە لە زیانگەیاندن و بەهەدەردان.

لەبارەی ساخنەبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆیی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پیشەسازیی لاستیکی و تایە روونیکردەوە، ئێستا سیستمی ئابووری گۆڕاوە، پێش 2003 سیستم "ئیشتراکی" بوو، دەبوو سەرجەم فەرمانگەکانی دەوڵەت ئەو تایە بکڕن، بەڵام دوای 2003ـەوە دۆخەکە گۆڕا و بووە بازاڕی کراوە، ئێستا فەرمانگەکانی دەوڵەت و بەکاربەریش بەدوای جۆرە تایەیەکدا دەگەڕێن کە  باش بێت و نرخی کەم بێت. بەرهەمی نێوخۆیش ناتوانێت کێبڕکێی بەرهەمی بیانی بکات لەڕووی کوالیتی و نرخەوە، بۆیە خواستی لەسەر نییە.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم