بە بڕیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی؛ 14 هه‌زار كه‌مئه‌ندامی نوێ تۆمارده‌كرێن

(0) / / اجتماعی / زایەڵە کەمئەندام کوردستان کۆمەڵایەتی


Jul 31, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دوای ئەوەی لە ساڵی 2013وە بە رێنماییەک تۆمارکردنی و وەرگرتنی کەمئەندامان ڕاگیرابو، کەمئەندامان لەم هەفتەیەوە بە بڕیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ 14 هەزار کەمئەندام لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم دەکرێتەوە.

سامان حسێن، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی کە وەزارەتی کارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی 14 هەزار کەمئەندامی لە لیستی کەمئەندامان دەرکرد، بەهۆی ئەوەی گیانیان لەدەستداوە یان کۆچیان کردوە بۆ دەرەوەی وڵات، یان بە ناشایستەی موچەیان وەرگرتوە و موچەکانیان بڕدراوە، وەزارەته‌كه‌ بڕیاریداوه‌ کە لەبری ئەو کەسانە 14 هەزار کەسی دیکە موچەیان بۆ ببڕدرێتەوە، لەم هەفتەیەشەوە خۆتۆمارکردنی کەمئەندامان دەستپێدەکات.

 ئاماژەی بەوەشکرد، لە یاسای چاکسازیدا هەندێک لە کەمئەندامان واخەمڵێنراون کە بە ناشایستە موچەیان وەرگرتوە، بڕیاردراوه‌ ئەو موچەیە کە لە 1-7-2020ه‌وه‌ لێیان وەربگیرێتەوە، دوای داواکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ وەزارەتی دارایی، وەزارەتی دارایی رەزامەند داوە بە لێخۆشبونی ئەو بڕە پارەیە.

 سکرتێری یەکێتی کەمئەندامان باسی لەوەشکرد، "لە ئێستادا حکومەت لە بەرنامەیدایە دەرگای دامەزراند بکاتەوە، دڵنیاییمان وەرگرتوە لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کە بە پێی یاسای کەمئەندامان 5% پشکی کەمئەندامان بۆ دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا پارێزراو دەبێت، واتا لە ئەگەری دامەزراندنی 100 کەسدا پێنجیان لە پشکی کەمئەندامانە".

سەبارەت بە شێوازی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و کەمئەندامان سامان حسێن، وتی، "لە ئێستادا بێسەروبەریەکی زۆر بە شێوازی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ کەمئەندامان هەیە، هەر ڕێکخراوێکی کەمئەندامی و خێرخوازی بەناوی کەمئەندامانەوە هاوکاری لە خەڵک وەردەگرێت، بۆیە بڕیاردرا کە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ کۆکردنەوە و چاودێریکردنی ئەو هاوکاریە و دابەشکردنەوەی ئەو هاوکاریە بەسەر ئەو کەسانەی کە شایستەن".

دەربارەی دیاریکردنی ڕێژەی کەمئەندامی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان رونیكرده‌وه‌، دیاریکردنی 70% بۆ ئەوەی فەرمانبەرەکە موچە و موچەی کەمئه‌دامیەکەشی نەبڕدرێت، ئەگەر لیژنە بڕیاریدا کە فەرمانبەرەکە ڕێژەی کەمئەندامیەکەی 70% کەمترە، پێویستە موچەکەی ببڕدرێت، بەڵام کەمئه‌ندامەکە سکاڵای کرد یان ناڕازیبو بە بڕیارەکە، ئەوا دوبارە کەمئەندامەکە دەدرێتەوە بە لیژنە بۆ ئەوەی دوبارە رێژەی کەمئەندامیەکەی دیاریبکاتەوە، ئەگەر لیژنەکە بڕیاریدا کە ڕێژەی کەمئەندامییەکەی 70% و بەرەو سەرە ئەوە موچەی کەمئەندامیەکەی نابڕدرێت.