چوارچێوەی هاوئاهەنگی مانگرتنی ڕاگەیاند

(0) / / عراق / زایەڵە مانگرتن وارچێوەی هاوئاهەنگی


Aug 12, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەمڕۆ هەینی 12ی ئابی 2022، مانگرتنی لە ناوچەی جادریەی نزیک ناوچەی سەوز لە بەغدا راگەیاند و راگەیێندراوێکی هەشت خاڵیشی بڵاوکردەوە.
 لیژنەی رێکخەری خۆپێشاندانەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی دەکاتەوە و داواش لە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکات لە یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆککۆماردا پەلە بکەن.
 هەشت خاڵەکەی راگەیێندراوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی:
 یەکەم: پەلەکردن لە پێكهێنانی حكومه‌تێكی خزمه‌تگوزاریی نیشتمانی به‌ تەواوی ده‌سه‌ڵاتەکانییەوە لە چوارچێوەی رێسا‌ ده‌ستوورییه‌كان، بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییانی عێراق.
دووەم: داوا لە هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی کورد دەکەین پەلە بکەن لە یەكلاكردنەوەی بەربژێری سەرۆككۆمار و راسپاردنی گەورەترین فراکسیۆن بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆكوەزیران و كۆتاییهێنان بە هەموو ئەو بەربەستانەی كە رێگرن لە چارەسەركردنی دۆخەکە.
 سێیەم: پاڵپشتیی تەواومان بۆ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق و دامەزراوەکانی رادەگەیێنین؛ هاوکات هەموو جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر دامەزراوەکان و بێڕێزیکردن پێیان رەتدەکەینەوە، بەو پێیەی ئەم دامەزراوانە پایەی سەرەکیین کە عێراق لەسەریان بنیاتنراوە.
 چوارەم: داوا لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین كۆتایی بە راگرتنی دەوام بهێنێت و کاربکات بۆ چۆڵكردنی باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەران و كاراكردنەوەی ئەرکی یاسادانان و چاودێریكردن، بەهۆی ئەوەی ئەو ئەنجوومەنەوە لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردراوە.
 پێنجەم: داوا لە هێزە ئەمنییە قارەمانەكانمان دەكەین، دامەزراوەکانی دەوڵەت و شکۆیان بپارێزن و یارمەتیدەر بن بۆئەوەی بێ هیچ ئاستەنگێك كارەكانیان ئەنجام بدەن. ئەوان بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتییان دامەزراون.
 شەشەم: داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەكان دەکەین روو لە گەل بکەن؛ هەروەها داوایان لێدەكەین پابەندبن بە یاسا و دەستوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی گرانبازاڕی و قووتی ژیانی تاک و گەندەڵی لە کۆبۆنی بەشەخۆراك و کەمئاوی. هاوکات داوای چارەسەرکردنی بەپەلەی نەهامەتییەکانی خراپیی کارەبا لەم هاوینە گەرمە و باشکردنی سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی دیکەش دەکەین.
 حەوتەم: هەمووان ئاگادار دەکەینەوە کە نەبوونی حکومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی تەواو، وڵاتی گەیاندووەتە قۆناخێکی سەخت؛ جەماوەریش بەهۆی نەهامەتییە بەردەوامەکانەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە؛ بۆیە دەبێت هەموولایەک پەنا بۆ دەستوور و یاسا ببەن.
هەشتەم: لەڕێگەی خۆپێشاندانەکان و مانگرتنەکانمانەوە کە ئێستا رامانگەیاندووە، پابەندبوون و گوێڕایەڵی تەواوی خۆمان رادەگەیێنین بە هەموو هەڵوێست و بڕیارێک کە لە لایەن مەرجەعییەتی باڵای ئایینییەوە دەردەچێت.