٥٠ بیر وشکی کردوە؛ ٧٥ بیرى ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگاى هەولێر لێدراون
/
کردستان
/
زایەڵە
بیر
ئاو
هەولێر
کوردستان
زایەڵە - ٥٠ بیر کە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەن بۆ هەولێر وشکیان کردوە یاخود بەکەڵکی بەکارهێنان نایەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٧ ملیار دیناری بۆ لێدان و هەڵكەندنی ١٣٨ بیری ئاوی خواردنەوە تەرخانکردوە کە ١٠٤ بیریان بۆ ناو شاری هەولێر و ٣٤ بیریشیان بۆ دەوروبەری بووە کە هەندێکیان بیری جێگرەوەی ئەو بیرانەن کە وشکیان کردووە و تا ئێستا کارکردن لە بەشێکى بیرەکان بەردەوامە و تەواو نەبوە.
سیروان تەحسین سابیر، سەرپەرشتیاری بیرەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، ڕایگەیاند، لە ١٠٤ بیری تایبەت بە سەنتەری پارێزگای هەولێر کە گوژمەى لێدانیان ٥ ملیار و ٨٨٢ ملیۆن و ٢٤٠ هەزار دینارە، ٤٨ـیان لێدراون کە ژمارەیەکیان بیری جێگرەوەن بۆ ئەو بیرانەی وشکییان کردووە و ئەوانی دیکەیش لە گەڕەک و شوێنە نوێیەکان و ئەو جێگەیانەی پێویستیان پێی بووە لێدراون، و ٧ بیریشیان ئامێری بیرلێدان لەسەرە و لە ئایندەیەکى نزیک تەواو دەبن. هەر لە پلانیشدایە کە ١٤ بیری دیکە لێبدرێن.
تا ئێستاش بڕی ٢ ملیار و ٨٦١ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار دینار بۆ لێدانى بیرەکان خەرج کراوە و بڕیاریشە تا کۆتایی ساڵ ئەم پڕۆسەیە تەواو بکرێت.
لە دەوروبەرى هەولێر ٥٠ بیر ئاویان تێدا هەڵناکێشرێت
سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵکەندن و لێدانی بیر لە دەوروبەری شاری هەولێر، ئەندازیار ڕێزان سەعدی عەزیز، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر ڕاگەیاند، سەرەتا پێشبینیی ئێمە ئەوە بوو کە ٣٠ بۆ ٤٠ بیر لە دەوروبەری هەولێر، وشک بن و دوای مانگی حوزەیرانیش هەڵکشێن بۆ ٥٠ بیر، کەچى تا ئێستا ٢٠ بیر وشکیان کردووە و ٣٠ بیریش گەیشتووەتە ئەو ڕاددەی کە ناتوانین ئاوی لێ هەڵێنجین و ئەوانیش بەرەو وشکبوون دەچن، بۆیە دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی لێدانی بیر دەستی پێ کردووە و تەواوکردنی ئەم پرۆسەیەش پێویستیی بە پاڵپشتی تەواوی حکومەت هەیە و گوژمەی ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن دینار تێچووی لێدانی ٣٤ بیری دەوروبەری هەولێرە و لەو بڕە پارەیەش ملیارێک و ١٥٠ ملیۆن دینار خەرج کراوە، بە تەواو بوونی ئەم پرۆسەیە گرفتی کەمئاوی لە سنووری دەوروبەری هەولێر ١٠٠٪ کۆتایی دێت.
پرسى هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان زۆر گرنگە لە بەفیڕۆنەدانی ئاو، بۆ ئەمەش فەرمانگەکانی ئاو لە دەوروبەری هەولێر و سەنتەری شار داوایان لە مامۆستایانی ئایینی و بەڕێوەبەر و مامۆستاى قوتابخانەکان و هاووڵاتییانیش کردووە کە گرنگیی بە بابەتی هۆشیارکردنەوە بدەن و ڕۆڵیان هەبێت لەم بوارەدا.
٧٠%ى بیرەکان بیری جێگرەوەن ئەو بیرانەی ئێستا لە دەوروبەری هەولێر لێ دەدرێن دابەش دەبنە سەر دوو جۆر، ژمارەیەکیان بیری جێگرەوەن بۆ ئەو بیرانەی وشکیان کردووە و بەشێکیشیان بیری نوێن بۆ گەڕەکە نوێیەکان و ئەو گەڕەکانەی کە فراوان بوون، بۆیە ئەگەر بە ڕێژە وەربگیرێت ئەوا ٧٠٪ی بیرەکان بیری جێگرەوەن و ٣٠٪یان بیری نوێن. لەو ٣٤ بیرەی بۆ دەوروبەری هەولێر لێ دەدرێت تا ئێستا ٢٧ بیر لێدراوە و لەو ژمارەیەش ٢٤ بیریان تەواو بوون و ١٤ـیان کەوتوونەتە کار.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: