ئایەتوڵڵا خامنەیی: ئۆممەی ئیسلامی دەتوانێ لە جیهانی نوێدا پێگەیەکی باڵای هەبێت

(0) / / ایران / زایەڵە ئوممەی ئیسلامی ئێران ئایەتوڵڵا خامنەیی


Oct 14, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختی کردەوە کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئێش و ئازاری گەلانی ئیسلامی، ناکۆکی و دووبەرەکییە لە ئێستادا، ناکۆکیش کە هەبوو کێشە و گرفتی دیکەی بە دواوە دەبێت.
هاوکات لە گەڵ جێژنی گەورەی مەولود و یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) و ئیمام سادق (ع)، چاوپێکەوتنی هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و کۆمەڵێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و میوانانی بەشداربوو لە سی و شەشەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی یەکڕیزی ئیسلامی لە گەڵ ئایەتوڵڵا خامنەیی، ئەمڕۆ هەینی 14 ی تشرینی یەکەمی 2022 بەڕێوەچوو.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی ئێش و ئازاری جیهانی ئیسلام لە ئێستادا ناکۆکی و دووبەرەکییە. کێشەکە ئەوەیە کە جیایی لە نێوان موسڵماناندا هەیە، کاتێک وا بین خێرخوازی یەکتر نین، تەنانەت هەندێک کات موسڵمانان دەکەونە دژایەتی یەکترەوە، ئەمە ئەنجامی دووبەرەکییە. لێرەشدا قورئان دەڵێت کە کاتێک تەبا نەبن و ناکۆکی هەبێت فەشەل دەبن، فەشەل بە واتای لاوازی. ناکۆکی کە هەبێت بە دڵنیاییەوە لاوازبوونی بە دواوە دەبێت و دەبێتە ئامرازی زاڵبوونی لایەنەکانی دیکە بە سەر کۆمەڵگای ئیسلامیدا، ئەمەیە ئەنجامی دووبەرەکی و ناکۆکی و پێکەوەنەبوون.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: دەبێت بەرەو بەکرداریکردنی هەفتەی یەکڕیزی موسڵمانان هەنگاو بنێین. یەکڕیزی بە واتای چییە؟ مەبەست لە یەکڕیزی تەنیا لە ڕووی مەزهەبییەوە نییە، یان ئەوەی کە ئەم مەزهەب ببێتە ئەوی دیکە، نە بە دڵنیاییەوە وا نییە. یەکگرتوویی جوگرافیش نییە، وەک ئەوەی کە لە دەیەکانی 60 و 70 ی زائینی وڵاتانی عەرەبی پێکەوە یەکگرتنیان ڕاگەیاند کە ئەوەش نەکرا و ناکرێت.
ڕاشیانگەیاند: مەبەست لە یەکڕیزی، یەکڕیزی لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئۆممەی ئیسلامییە. سەرەتا دەبێت بزانین بەرژەوەندییەکانی موسڵمانان لە کوێیە و لە چی دایە، دواتر گەلان لەم بوارەدا پێکەوە بگەنە ڕێکەوتن، بزانن ئۆممەی ئیسلامی ئەمڕۆ پێویستی بە چییە، لە گەڵ کێ دەبێت دوژمنایەتی بکرێت، یان لە گەڵ کێ دۆستایەتی بکرێت، ئەم سیاسەتە لە میانەی وتووێژ و دانوستانەکاندا ڕێکەوتنی لە سەر بکرێت، مەبەست ئەمەیە، کردەوەی هاوبەش لە بەرامبەر نەخشە و پیلانەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی.
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ئەمڕۆ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە نەخشەی سیاسی جیهان بەرەو گۆڕانکاری دەڕوات، ئەو بابەتی تاک جەمسەری و ملهوڕیی یەک یان دوو هێز، شەرعییەتی خۆی لە دەست داوە، واتە گەلانی جیهان ووشیار بوونەتەوە، سیستەمی تاک جەمسەری ڕەتکراوەتەوە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی وتی: ئێمە وەک ئۆممەی ئیسلامی، وڵاتانی ئیسلامی و گەلانی ئیسلامی، دەتوانین لەم جیهانە نوێیەدا کە بەرە بەرە دێتە پێشەوە، پێگەیەکی باڵامان هەبێت، دەتوانین ببینە نموونە، وەک پێشەنگ بین، بەڵام بە مەرجێک، مەرجەکەش چییە؟ یەکڕیزی و نەبوونی دووبەرەکی، ڕزگاربوون لە شەڕی پیلانگێڕییەکانی دوژمن، ئەمریکا، زایۆنیستەکان، کۆمپانیاکانی ئەوان، ئەگەر بە کردەوە یەکڕیزی خۆمان لە بەرامبەر دوژمنان بسەلمێنین و ئەم مەرجە بکەینە کردار، دەتوانین ئۆممەی ئیسلامی لە پێگەیەکی باڵای داهاتوودا لە جیهان ببینین.
ئایەتوڵڵا خامنەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بە نموونەیەکی بچووک ناو برد و وتی کە ئێمە لە بەرامبەر زلهێزەکانی جیهان ڕاوەستاوین. ڕۆژگارێک ئەم جیهانە دوو زلهێزی هەبوو، ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت، سەرەڕای هەموو ناکۆکییەک، ئەوان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران هاوڕا بوون، وایان دەزانی کە دەتوانن شۆڕشە ساواکەی ئێران لە ناو ببەن، ئێستا ئەم شۆڕشە بووەتە هێزێکی گەورە، هەڵە دەکات ئەوەی بیر لە لەناوبردنی بکاتەوە، ئێمە ڕاوەستاوین و بەرەوپێش دەڕۆین.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕاشیگەیاند: ئەوانەی کە دژی ئیسلامن نە لە گەڵ شێعە باشن نە لە گەڵ سوننە، من کاتی خۆی باسی شێعەی بەریتانی و سوننەی ئەمریکیم کرد، هەندێک وا تێگەیشتن کە مەبەست لە شێعەی بەریتانی ئەوەیە کە شێعە لەوێ نیشتەجێ بێت، نە، ڕەنگە شێعەی بەریتانی لە وڵاتانی ئیسلامیدا بێت، مەبەست پەیرەوکردنی سیاسەتەکانی بەریتانیایە، واتە شێعە و سوننە لە دژی یەکتر ئاژاوە بنێنەوە، وەک داعش، وەهابییەکان، تەکفیرییەکان، ئەوان ناکۆکی دەنێنەوە و خزمەت بە دوژمن دەکەن.
ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە کۆتاییدا وتی کە توندڕۆیی ڕەتدەکرێتەوە، چ لە ناو شێعە بێت، چ لە ناو سوننە بێت، ئەم بیرکردنەوەش دەبێت ببێتە بنەمایەک بۆ یەکگرتن.