سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە گرفتی خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان دەکۆڵێتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی بەشەناوخۆییەکان پێشڕەو حەمەجان


Oct 16, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە دوو شەوی جیاوازدا، پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و د.پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، سەردانی سەرجەم بەشەناوخۆییەکانی کوڕان و کچانی زانکۆیان کرد.

لەبارەی سەردانە مەیدانییەکەیانەوە، د.پێشڕەو حەمەجان یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران  راگەیاند، ئامانج لە سەردانەکەمان بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لە کێشەو کەموکوڕییەکانی خوێندکارانی ئازیزمان لە بەشەناوخۆییەکان.

وتیشی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە وردی گوێی لە گلەیی و گازەندەکانی  خوێندکاران گرت و بەڵێنیدا کەموکوڕییەکانیان لەسەر داهاتی زانکۆ بۆ چارەسەر بکات، هەروەها هەر تێبینییەکیشیان لەرووی کارگێڕیی و هونەریی و بەڕێوەبردنی بەشەناوخۆییەکان هەبووبێت، کار بۆ دووبارە رێکخستنەوە و چاکردنەوەی لایەنی هونەریی و کارگێڕی دەکەین .

د.پێشڕەو حەمەجان، ئاماژەی بەوەشدا ،لەسەردانە مەیدانییەکاندا سەرۆکی زانکۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پێداویستی و کەموکوڕییانەی هەیە لە بەشەناوخۆییەکان لە چەند هەفتەی ئایندە چارەسەرییان بکەین .

لەسەردانەکاندا خوێندکاران خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانی مەیدانی سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکەی دەربڕی، کە لەنزیکەوە لەگەڵیان کۆدەبنەوە و گوێ لە داواکاریی و کێشەکانیان دەگرن و سوپاسیشیان کردن بەوەی بەشێکی زۆر لە کەموکوڕییەکانی بەشەناوخۆییەکانیان چارەسەرکردووە.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندکاران، جەختیشی کردەوە، ئێمە بە ئەرکی خۆمانی دەزانین خزمەتی خوێندکارانی خۆمان بکەین، ئەوانیش هەست بەوە دەکەن ئەمساڵ لەرووی روناکی و کارەبا و بۆیاخ و خزمەتگوزارییەکانیان بەشەناوخۆییەکان هەنگاوێک چۆتە پێشەوە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە خزمەتکردنیان .

باسی لەوەشکرد ،خوێندکارانمان دڵنیاکردەوە کە رەزامەندی بۆ کۆمپانیاکانی پاککەرەوە و چاککەرەوەی بەشەناوخۆییەکان گەڕاوەتەوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆمپانیاکان بە رێکاری یاسایی دەستبەکاردەبن و ئەو گرفتانەش چارەسەر دەبن .

د.پێشڕەو حەمەجان ئەوەشی خستەڕوو، قۆناغ بە قۆناغ بتڵی غاز لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆمان نامێنێت و دەبێتە سیستمی (LPG) .

ئامادەکردنی- کامەران  کەریم