لەلایەن قائیمقامەوە؛ داواکاریی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان بۆ دەربەندیخان

(0) / / کردستان / زایەڵە دەربەندیخان ئاوی ماڵان پێوەر


Oct 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - قائیمقامی قەزای دەربەندیخان داوای کرد بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان بۆ دەربەندیخان هەڵبوەشێتەوە چونکە دەربەندیخان ئاوی خواردنەوەی پاکی نیە و بەشێک لە گەڕەکەکان بە تەنکەر ئاوی بۆ دابین دەکرێت.

قایمقامیەتی  دەربەندیخان  ڕایگەیاند،   پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سڵێمان محەمەد سەعید قائیمقامی قەزای دەربەندیخان لە دیوانی قائیمقامیەت بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی و لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی دەربەندیخان پێشوازیان کرد لە لوقمان وەردی سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گەشت و گوزار و گواستنەوە و گەیاندن و ئەندامانی لیژنەکە لە پەرلەمانی کوردستان. دوای بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز قائیمقامەوە سەرجەم کێشە و گرفتەکانی قەزای دەربەندیخان پەیوەندی دار بە کاری لیژنەکەوە خرانەڕوو بەتایبەت کەمی خزمەتگوزای و نەبوونی ئاوی خواردنەوەی پاک و گواستنەوەی کارگەکانی بەرد هاڕین و ڕژانی بەشێک لە ئاوەڕۆی دەربەندیخان بۆ ناو بەنداوی دێوانە و هەروەها بەستنی پێوەری ئاو بۆ ماڵان لە کاتێکدا دەربەندیخان ئاوی خواردنەوەی پاکی نیە و ژمارەیەک لە گەڕەک لە ئێستادا بە تەنکەر ئاوی بۆ دابین دەکرێت و داوای بەستنی پێوەر یان لێدەکرێت، هەروەها ڕاوەستانی پرۆژەی پاکردنەوەی ئاوی خواردنەوەی قەزای دەربەندیخان کە ماوەیەکی زۆرە پرۆژەکە ڕاوەستاوە، لە کۆتایدا قائیمقامی قەزای دەربەندیخان هۆشداری دا لە نەبوونی کۆگای خەزانکردنی ئاوی قەزای دەربەندیخان بۆ ساڵی ئایندە دواتر هەریەک لە سەرۆکی شارەوانی و لێپرسراوی فەرمانگەی ئاو کێشە و گرفتەکانی خۆیان بۆ لیژنەکە ڕوونکردەوە.

لیژنەکە تەواوی داواکاریەکان یان بە هەند وەرگرت و بەڵێنیاندا بەدواداچوونی بۆ بکەن. هەروەها بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە پرۆژەی پاکردنەوەی ئاوی قەزای دەربەندیخان لەسەر داوای بەڕێز قائیمقام لیژنەکە سەردانی پرۆژەکەیان کرد، دواتر بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گەشت و گوزار چەند شوێنێکی گەشتیاری لە لایەن لیژنەکەوە بەسەرکرانەوە بۆ زیاتر هاندانی کەرتی تایبەت و گەیاندنی خزمەتگوزاری گەشتیاری بۆ ئەو ناوچانە.لە کۆتایدا لیژنەکە سوپاس و دەستخۆشی خۆیان بۆ هەوڵ و ماندووبونی قائیمقامی قەزای دەربەندیخان ڕاگەیاند کە زۆر بە پەرۆشی و گرنگیەوە کار لەسەر داواکاری و داخوازیەکانی ناوچەکە دەکات.

ئامادەکردنی- کامەران کەریم