ئایەتوڵڵا خامنەیی: گەلی ئێران شکستی بە پیلانەکانی نەیاران هێنا
/
ایران
/
زایەڵە
ئایەتوڵڵا خامنەیی
ئەمریکا
ئاژاوەگێڕی
زایەڵە - ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە 13 ی گەڵاڕێزان ڕۆژی نیشتمانیی خەباتی دژ بە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی، لە چاوپێکەوتنی سەدان کەس لە خوێندکاران، وتی: ئەمریکییەکان لەم ڕۆژە گرنگە و گردبوونەوەکان و یەکڕیزی خەڵک، توڕەبوونی خۆیان نەشاردووەتەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەمڕۆژە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەمریکا پیشان دەدات و شکست و سەرشۆڕشی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەشی دەسەلمێنێت.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕاشیگەیاند: بە پێچەوانەی ئەوانەی کە باس دەکەن کێشەی ئێران و ئەمریکا لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی بنکەی سیخوڕیی ئەو وڵاتە لە تاران دەستیپێکردووە، کێشەی گەلی ئێران و ئەمریکا ئەو کاتە دەستیپێکرد کە واشنتن بە یارمەتی بەریتانیا حکومەتی نیشتمانیی موسەدقیان لە کودەتایەکدا ڕووخاند.
وتیشی: دکتۆر موسەدق نە کەسێکی ئائینی بوو و نە بانگەشەشی بۆ دەکرد، تەنیا تاوانی ئەوە بوو کە پێداگریی لەوە دەکرد نەوتی ئێران لە دەستی گەلدا بێت نەک بەریتانییەکان، بەڵام ئەمریکییەکان بە هۆی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە ئەوەیان لێ قبووڵ نەکرد و بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی موسەدق بۆ هاوکاریی ئەمریکا، لە پشتەوە خەنجەریان لەودا و لە ڕێگای پارە و هاوکاری هەندێک خیانەتکار و ئاژاوەگێڕەوە حکومەتەکەیان ڕووخاند.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لێدوانی ئەم ڕۆژانەی بەرپرسانی ئەمریکای سەبارەت بە پاڵپشتی لە گەلی ئێران، ئەوپەڕی دووڕوویی ناو برد و بەم پرسیارە بەرامبەر بەوان وتیان: ئایا کردەوەیەک ماوە کە لە ماوەی ئەم 4 دەیەدا توانای جێبەجێکردنتان هەبووبێت بەڵام جێبەجێتان نەکردبێت؟ ئەگەر شەڕی سەربازیی ڕاستەوخۆتان نەکردووە، یان تواناتان نەبووە و یان لە گەنجانی ئێرانی ترساون.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران شەهیدکردنی فەرماندە و قارەمانی نیشتمانیی ئێرانییەکان و قارەمانی ناوچەکە، شەهید حاجی قاسم سولێمانی و شانازیکردن بەم تاوانە لە پیلان و تاوانەکانی دیکەی ئەمریکا ناو برد و وتی: ئێوە پاڵپشتیتان لە بکوژانی زانایانی ناوەکی ئێمە، واتە زایۆنیستەکان کرد و بە دەستبەسەرداگرتنی ملیاران دۆلار لە دارایی گەلی ئێران لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، گەلی ئێرانتان لە مافی خۆیان بێبەش کردووە.
ناوبراو ئەمریکای ئەمڕۆیان هەمان ئەمریکای دوێنێ و ئەمریکای 28 ی گەلاوێژ و ئەمریکای لایەنگری سەدام ناو برد و وتی: ئەڵبەت شێوازی دوژمنایەتی ئەوان بەراورد بە ڕابردوو گۆڕانکاریی بە سەردا هاتووە بەڵام ئێمە متمانەمان بە گەنجان و کاربەدەستانی خۆمان هەیە و دەزانین کە دەتوانن بە سەر ئەم شێوازە لە دوژمنایەتییەدا زاڵ بن.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژەی بە شکستە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دا و وتی: یەک نموونە لەم سیاسەتە هەڵەیە، هێرشی 20 ساڵی ڕابردووی ئەمریکا بۆ ڕیشەکێشکردنی تالیبان بوو کە تاوان و کوشتاری زۆری بە دواوە بوو بەڵام پاش 20 ساڵ بە ناچار لە ئەفغانستان کشانەوە و ئەم وڵاتەیان ڕادەستی تاڵیبان کردەوە.
هەروەها هێرشی سەر عێراق و مسۆگەرنەبوونی ئامانجە دیاریکراوەکانی بە هەڵەیەکی دیکەی ئەمریکییەکان ناو برد و وتی: ئەمریکییەکان سەرەتا هەوڵی دەستنیشانکردنی کەسانی خۆیان یان بەسراوەکانی خۆیان بوون و هیچ کات هەلومەرجی عێراق و بوونی سیاسەتمەدارانی عێراق لە کوتکەی دەسەڵات بە هەڵبژاردنەکان لە سەر خواستی ئەوان نەبووە و لێرەشدا شکستیان هێنا.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران شکستی ئەمریکا لە سوریا و لوبنان و بە تایبەت لە پرسی دیاریکردنی هێڵی غازییان بە نموونەی دیکەی هەڵەی ئەمریکییەکان ناو برد و وتیان: یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی لاوازیی ئەمریکا، دەنگدانە بە سەرۆک کۆماری ئێستا و پێشووی ئەمریکا. لە خولی پێشوو سەرۆک کۆمارێک وەک ترەمپ هەڵبژێردرا کە هەمووان بە شێتیان دەزانی و ئێستاش سەرۆک کۆمارێک لە سەر دەسەڵاتە کە هەمووان لە دۆخی ئاگادارن.
ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە بارودۆخی ئەم دواییەی ناوخۆی ئێرانیش وتی: بەیاننامەی هاوبەشی وەزارەتی هەواڵگری و دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران سەبارەت بە ئاژاوەگێڕییەکان هەڵگری زانیاری زۆر گرنگ بوو و پیشان دەدات کە دوژمن بۆ تاران و شارە گەورە و بچووکەکان پیلانی داڕشتبوو.
ناوبراو ڕووداوەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی بە شەڕێکی هەمەلایەنە نەک تەنیا ئاژاوەگێڕی سەر شەقامەکان ناو برد و وتی: دوژمن واتە ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی، هەندێک لە وڵاتانی ناپاکی ئەمریکی و گرووپە تیرۆریستییەکان بە هەموو هێزێکەوە هاتنە گۆڕەپانەکە و بە کەڵک وەرگرتن لە دەزگا هەواڵگرییەکان، میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەزموونەکانی ڕابردوو لە ئێران و ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە، هەوڵی ئەوەیان دا زیان بە خەڵک بگەێنن.
ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: ئەڵبەت گەل وەڵامێکی ڕاستەقینەی ئەوانی دایەوە و ئەوانی لە گەیشتن بە ئامانجی پیلانەکانیان تووشی شکست کرد.
تێبينيێك بنێرە: