هەڵوێستی شاسوار عەبدولواحید لەسەر فەرمانى دەستگیرکردنى

(0) / / کردستان / زایەڵە شاسوار عەبدولواحید کۆیە


Nov 03, 2022

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەسەر فەرمانى دەستگیرکردنى هاتەدەنگ، کە لەلایەن دادگاى کۆیەوە و لەسەر دۆسیەى نۆژەنکردنەوەى شەقامێک بۆى دەرکراوە.  
شاسوار عەبدولواحید لە تویتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، حکومەتی هەرێم فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە لەسەر هەوڵدان بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامێک، ئەى ئەگەر تێکى بدایە چیان دەکرد.  
دەشڵێت، ئەو پێیوایە ئەوان سوپاسی دەکەن دەکەن بۆ هەر تێکدانێک، بەڵام بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە قەدەغەیە و پێچەوانەی یاسایە!.  
بەپێی نوسراوێکى دادگاى کۆیە (1-11-2022) کە ئاڕاستەى بنکەى پۆلیسى باواجى کراوە، داوا کراوە شاسوار عەبدولواحید دەستگیر بكەن بەپێی مادەی (240) و ماڵەکەى بپشکنرێت.    
ماددەى (240) سزاى شەش مانگ زیندانى یان 100 هەزار دینار پێبژاردنى داناوە بۆ هەر کەسێک کە پێشێلی ئەو فەرمانانە بکات کە لەلایەن فەرمانبەرێک یان کەسێکی بەرپرسی خزمەتگوزارییەکی گشتی یان لە ئەنجومەنی شارەوانییەکان یان دەزگایەکی فەرمی یان نیمچە فەرمی لە چوارچێوەی دەسەڵاتە یاساییەکانیان دەرچووە، یان پابەند نەبێت بە فەرمانی هیچ کام لەو دەزگایانە.    
حاکم هیمداد مەجید دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای کۆیە کە فرمانی دەستگیرکردنەکەی دەرکردووە بۆ "VOA" وتى "ئەوە دوو-سێ جارە تەبلیغ بۆ شاسوار دەردەکەین کە لەبەردەم دادگا ئامادەبێت. بەڵام تەبلیغی ناکەن، لەبەرئەوەی جارێک دەڵێن لە ماڵ نیە، جارێکیش دەڵێن لە دەرەوەی وڵاتە. کەچی دواتر شەو لە تەلەفزیۆن دەردەکەوێت قسە دەکات و زانیارییەکەیان درۆیە. جارێکیش دەڵێن شوێنی دانیشتنی دیار نیە. شوێنی دانیشتنی ئەو دیارە."    
هەروەها ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە هۆکاری فرمانی دەستگیرکردنەکە لەسەر شەقامی دووسایدى مام جەلالە "حکومەت پارەی بۆ تەرخان کردووە و بڕیاری چاککردنی داوە و دراوە بە بەڵێندەر و بەڵێندەر دەسبەکاربووە... کەچی شاسوار عەبدولواحید خێرا هاتووە دەڵێت، 'من ئەو ئیشە دەکەم.' باشە کە بۆ کۆمپانیایەکی تر دەرچوبێت تۆ بۆ دێییتە سەری؟! با بچێتە سەر پڕۆژەیەک کە تەواو نەکراوە و فەرامۆشکراوە و پارەی بۆ تەرخان نەکراوە؛ با ئەو پڕۆژەیە تەواو بکات".