خەزانی ئاو لە سیتییەکاندا پاک دەکرێتەوە و شەقام و شۆستەکانیش نۆژەن دەکرێنەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە خەزانی ئاو شەقام سلێمانی


Nov 13, 2022

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - نۆژەن کردنەوەی شەقام و شۆستەکان و پاککردنەوەی خەزانی ئاو لایەن کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری سیتییەکانەوە دەستی پێکرد، سەرۆکی لیژنەی سیتییەکانیش دەڵێت، بۆ یەکەمجارە سەرجەم سیتییەکان ئاگادارکراونەتەوە کە لەماوەیەکی دیارکراودا و لەژێرچاودێری لیژنەکەیان ئەو ئەرکەی پێیان سپێردراوە ئەنجامی بدەن.
بەناز عەزیز، سەرۆکی لیژنەی سیتییەکان لە قائیمقامیەتی سلێمانی بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  لەژێر چاودێری لیژنەکەیان لە ئێستادا سەرجەم کۆمپانیای خزمەتگوزاریەکان دەستیان کردووە بە پاککردنەوەی خەزانی ئاو و نۆژەنکردنەوەی  شەقام، شۆستەکان، ڕەنگردنی هێڵەکانی هاتوچۆ، پارکینی ئۆتۆمبێل و زیادکردنی دیمەنی سەوزایی لە باخچەکاندا.
روونیشیکردەوە ،بۆ یەکەمجارە سەرجەم ئەنجومەنی سیتییەکان لە رێگەی لیژنەکەیان ئاگادارکراونەتەوە  کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا و پێش هاتنی مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ ئەو ئەرکەی بە کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکان سپێردراوە بە رێک وپێکی ئەنجامی بدەن.
بەناز عزیز ئەوەشی خستەروو، لیژنەی سیتییەکان بەردەوام چاودێری کوالیتی خزمەتگوزاریەکان دەکات، تاوەکو کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری ئەرکە جیاوازەکانیان بە باشی ئەنجام بدەن، و لە هەمان کات خزمەتگوزایەکانیان بە کوالیتیەکی بەرز، و بە شێوازێکی خێرا و مۆدێرن پێشکەش بە دانیشتوانی سیتییەکان بکەن.
بۆ خێرا جێبەجێکردنی ئەرکی کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانیش سەرۆکی لیژنەکە وتی، ماوەیەک بۆ کۆمپانیاکان دیاریکراوە، کە دەبێت تەواوی ئەرکەکانیان لەو ماوەیەدا ئەنجام بدەن و لەرێگەی لیژنەکەیانەوە بەردەوام چاودێری دەکرێن، تاوەکو هەر سیتیەک  کەمتەرخەمی نواندبێت لیژنەکەیان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات .
بەناز عەزیز باسی لەوەش کرد، کە خزمەتگوزاری گشتی لە سیتیەکانیشدا جۆراو جۆرن و چەند ئەرکێک دەگرێتەوە لە گرنگترینیان، (بەڕێوەبردن، سکیورتی و کامێرای چاودێری، رێگاوبان، سەوزایی، یاریگا، ئەسانسۆر، ئاو و کارەبای بەردەوام، فڕێدانی خۆڵ و خاشاک)، تێچووی ئەو خزمەتگوزاریانەش لەسەر دانیشتوانی سیتییەکان هەژماردەکرێت، و بە پێی جۆری سیتیەکانیش نرخەکەی دیاریدەکرێت.
ئەمە دوای ئەوەهات، بەپێی جۆری ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش بە دانیشتوانی سیتییەکان دەکرێت، دەبێت 6 مانگ جارێک خەزانی ئاوەکان پاکبکرێنەوە و شەقام، شۆستەکان و پارکینی ئۆتۆمبێلەکان بەردەوام نۆژەن بکرێنەوە، و سەوزایی لە باخچەکاندا زیاد بکرێت بە پێی ئەو پلانەی کە پڕۆژە سیتییەکانی لەسەر بنیاد نراوە .
ئامادەکردنی- کامەران  کەریم