ئامادەیی دەربڕینی ئێران بۆ نێوەندگیریی لە نێوان هەولێر و بەغدا

(0) / / ایران / زایەڵە ئێران تاران کۆماری ئیسلامی


Jan 09, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەگەر داوا لە تاران بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا رۆڵ بگێڕێت، ئامادەیە ئەو کارە بکات.
 ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 09-01-2023 لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا گوتی، ئێران، "پەیوەندیی نزیکی لەمێژینەی لەگەڵ رێبەران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە. هەر کات دۆستان و برایانی عێراق پێویستیان بەوە بووبێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە توانا و رۆڵی ئەرێنی و پەیوەندیی نزیکی خۆی کەڵک وەربگرێت بۆ نزیککردنەوەی روانگەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان رۆڵێک بگێڕێت، درێخی لە گێڕانی ئەو رۆڵە نەکردووە."
 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی "باوەڕی پتەوی بە سەقامگیریی عێراق و بەهێزبوونی پێگەی عێراقێکی یەکپارچە لە ناوچەکەدا هەیە. نەک هەر بە قسە، بەڵکو بە کردەوەش ئەوەی پیشانداوە و لەو چوارچێوەیەدا بە بەردەوامی پشتیوانی لە گەل و حکومەتی عێراق، عێراقی یەکپارچە و یەکدەست کردووە و هەوڵ بۆ ئەوە دەدات."
 کەنعانی لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو کە "دەزانن کە ئێمە دوو کۆنسوڵخانەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە، کە لە هەولێر و سلێمانین؛ لەو چوارچێوەیەشدا پەیوەندییەکی بەردەوام لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێم[ی کوردستان] هەیە. پەیوەندییەکەمان لەسەر بنەمای نیازپاکی و دۆستایەتییە."
 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی بەڕێوەچوونی جامی کەنداوی 25 لە بەسرە گوتی، بە فەرمی ناڕەزایەتی تارانیان لەبارەی بەکارهێنانی ناوی کەنداوی عەرەبی گەیاندووەتە بەغدا.
 ناسر کەنعانی دەڵێت، ناوی ئەو کەنداوە بریتییە لە کەنداوی فارس و "کاری بەرپرسان یان کەسانی نابەرپرسی وڵاتانی دەرەوە، ناتوانێ ئەو راستییە مێژووییە بگۆڕێت."
 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، وەزارەتی وەرزش و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران کاردانەوەی گونجاویان لە بەرامبەر بەکارهێنانی ناوی کەنداوی عەرەبی دەبێت.