قایمقامی پێنجوێن دەستی لەکارکێشایەوە
(0) /
زایەڵە - زانا ڕەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن ڕایگەیاند،ماوەی زیاتر لە (٨) هەشت ساڵە ئەمانەتی بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن لەسەر شانمە و نێوانی خۆم و خودای گەورە بۆ یەک ساتیش خیانەت و کەمتەرخەمیم لە کارەکەمدا نەکردووە و پۆستی قائیمقامییەتیم بۆ بەرژەوەندی تایبەتیم بەکارنەهێناوە. وە هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافەکانی هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاکەم بووم و لەخۆشی و ناخۆشییاندا بەشدار بووم.
وتیشی، بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێکی جدی لە سنوری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بکەن ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاری پێنجوێنمان گەیاندووە پێیان.
ڕونیشیکردەوە، وە زیاتر لە ماوەی سێ ڕۆژە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاکەم لەسەر جادەن و داوای چاککردنی بارودۆخی کارەبا دەکەن بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام ماوینەتەوە و کێشەکەمان بۆ چارەسەر نەکراوە سەرەڕای ئەوەی دەیان جار لە دەرگای لایەنە پەیوەندیدارەکانمان داوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بۆیە وەک بەرپرسێک کە هەستی بەرپرسیارێتیم هەیە لەبەردەم خودای گەورە و ئەمانەتی بەرپرسیارێتیم لەسەر شانە بەرامبەر بە خەڵکی سنووری قەزای پێنجوێن دەست بەرداری پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن دەبم وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەمەوە نەهاتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دابین نەکردنی خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای پێنجوێن.
هێمای بەوەشکرد، داوای لێبوردن لەخودای لێبووردە و میهرەبان و پاشان خەڵکی خۆشەویستی سنووری قەزای پێنجوێن دەکەم لە هەر کەموکورتییەک لە کاروبارمدا هەبووبێت.لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە هاوکار و پاڵپشتم بوون بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی کارەکانی قائیمقامییەتیم لە دام و دەزگاکانی حکومی و مامۆستایانی ئایینی و لایەنی ئەمنی و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە خێرخوازەکان و فەرمانبەرانی قائیمقامییەت و ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بەتەنها وشەیەکیش یارمەتیدەرم بووبێ بۆ باش بەرەوپێش چوون و سەرکەوتنم،وە زۆر سوپاسی بزووتنەوەی گۆڕان و مەکۆی پێنجوێن دەکەم کە متمانەیان پێکردم و بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن یان بەمن سپارد.
جێی شانازی بوو بۆ من کە وەک پێنجوێنییەک ماوەی( ٨) هەشت ساڵ لەخزمەتی هاووڵاتییانی سنووری قەزاکەمدا بووم.پێنجوێنی بوونم شانازییە بۆم و شانازی بە گەورە و بچووکی پێنجوێنییەکانەوە دەکەم.
ئامادەکردنی- کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: