لەبارەی ئاوی لەدەبەنراو قائیمقامیەتی سلێمانی ئاگادارییەک بڵاو دەکاتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە ئاو سلێمانی تەندروستی


Apr 25, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - قائیمقامیەتی سلێمانی کارگە و کۆگاکانی ئاوی لەدەبەنراو ئاگادار دەکاتەوە و سەرۆکی لیژنەکانیش دەڵێت؛ دەست بەسەر ئەم بارهەڵگرانەدا دەگرین.

کەیوان خەلیل، سەرۆکی لیژنەی کارگە و کۆگاکانی ئاوی لەدەبەنراو بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  بەمەبەستی پابەندکردنی شوێنەکان بەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن، رۆژانە لیژنەکە سەردانی سەرجەم کارگەو کۆگاکانی ئاوی لەدەبەنراو دەکات، پشکنینە کیمیایی و فیزیاییەکان ئەنجام دەدات و لەکاتی هەبونی کەموکورتی بەپسوڵەیەک  شوێنەکە و خاوەنەکەی ئاگادار دەکاتەوە.

وتیشی، بەپێی رێنمایی و ستانداردە جیهانییەکان، پێویستە ئاوی لەدەبەنراو و هەمو خواردن و خواردنەوەکی لەدەفرنراو پێویستە لەخوار پلەی گەرمی (25) و دور لەتیشکی خۆر عەمبار یان بگوازرێتەوە، بۆئەوەی گەرمی و تیشکی خۆر نەبێتە هۆی تێکدان و تيکچونی پێکهاتەکانیان کە زیان بەتەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت.

سەرۆکی لیژنەکە ئاماژەی بۆئەوەکرد، بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و زیاتر دەرکەوتنی تیشکی خۆر، ئاگاداری سەرجەم کارگەکانی ئاو کراوە کە لەکاتی گواستنەوەی ئاوی لەدەبەنراو پێویستە بەشێوەی داپۆشراو بگوازرێتەوە، هەروەها کۆگا و مارکێتەکان شوێنێک تایبەت دابین بکەن کە دور لەتیشکی خۆر و لە خوار پلەی (25)ـەوە بێت، بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

لای خۆشیەوە رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان بەزایەڵەی ڕاگەیاند، لەپێناو پاراستنی تەندروستی گشتی و هاوکاریکردنی لیژنەکان بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو بارهەڵگرانەی بەشێوەی دانەپۆشراو ئاوی لەدەبەنراو یان خواردن و خواردنەوەی لەقتونراو دەگوازنەوە نوسراوی فەرمی  ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دەکەن.

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی جەختدەکاتەوە، هەر کارگەیەک، کۆگایەک، مارکێت و دوکانێک ئاوی لەدەبەنراو لەبەر تیشکی خۆر و لەسەرو (25) پلەی گەرمی بەرز بگوازێتەوە یان عەمباربکات دەداخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکاتەوە.

کامەران کەریم