حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە رێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات

(0) / / کردستان / زایەڵە هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی مەسرور بارزانی


May 15, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران و تیمی یەکێتی کۆبووەوە. حکومەت بڕیاری دا دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی "بەناوەندییکردنی داهات و سیولە و خەرجی و مووچە" رێکبخرێتەوە. هەروەها "بڕیاردرا بە رێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج و رسومات."
 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە، 14-05-2023،  بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەن و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و تیمی یەكێتی کۆبووەوە. 
مەسرور بارزانی رایگەیاند، "خۆشحاڵی خۆمان بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەربڕی."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە ناوی حکومەتەوە "پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان بۆ دەستپێشخەری و پەیامەکەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپاتکردەوە و جەختمان لە هاوهەڵوێستی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان کردەوە لە پێناو داکۆکیکردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان."
 ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەیدا لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رێکخستنەوەی دارایی گشتی و کێشە ئەمنییەکان گفتوگۆی کرد. حکومەت رایگەیاند، پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رێککەوتن لەگەڵ بەغدا جێبەجێ کردووە و ئێستا چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی تورکیا دەکات کە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی بۆ دووبارە دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق "بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت تا ئەوکاتەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵ پەسەند دەکرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵ دابین دەکرێت."
 لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی "رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان"، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ بڕیاریدا؛ "رێکخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە رێگای (بەناوەندییکردنی داهات و سیولە و خەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە رێکخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە بانکەکان و گەنجینەکان و دەرواز سنوورییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی باج و رسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەکەوەبەستنیان لە رێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنی."
 لەبارەی رێخستنەوەی دارایی گشتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا "ئەولەویەت لە خەرجییەکان بدرێت بە مووچە وەک خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم". بۆ خەرجییەکانی دیکەش جگە لە مووچە، حکومەت دەڵێت، "پێویستە بە میکانیزم و تێکاریی گونجاو و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا و ئیدارەیەکی سەربەخۆ، خەرجیيەکان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران، سەرپشککران بۆ دانانی میکانیزمی پێویست بۆ پشتیوانیی وەزارەت و لایەنە راسپێردراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە."
 تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی قسەکردن بوو لەسەر کێشە ئەمنییەکان؛ حکومەت بڕیاریدا "لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەش لە رێی لیژنەیەکی تایبەتمەنـد لە دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدرێت، سەبارەت بە دۆسیە ئەمنییەکان بەگشتی دوور لە دەسـتێوردانی سـیاسی. دواتر رێکاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر."
 رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، راپۆرتێکی لەبارەی "وەڵامدانەوەی ئەو هەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی ئەنجامدراوە بۆ مەترسییەکانی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر" خستەڕوو.