شەڕ و گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی دروست بوو

(0) / / کردستان / زایەڵە پەرلەمان یەکێتی پارتی


May 22, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە پەرلەمانی کوردستان لەنێوان پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی گرژی و شەڕ دروستبوو بەهۆی ئەوەی یەکێتی رێگەی نەدا دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، بەڵام پارتی بەردەوامیی پێدا.
 
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ لە دەستپێکی دانیشتنەکە گوتی "لەپێناو پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی، کۆدەنگیی هێزە سیاسییەکان، بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە تاکانە رەها بێ قەید و شەرتەی خۆم بەکاربهێنم، کە لە بڕگەی سێی ماددەی 18ـدا هاتووە و دەسەڵات دەداتە سەرۆکی پەرلەمان بۆ سەرۆکایەتیکردن، کۆتاییپێهێنان و دواخستن، دیاریکردنی رۆژی کۆبوونەوە. کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دواخەم بۆ کاتێکی دیکە تا بەرنامەیەکی دیکەی کار". 
 
لەوکاتەدا هێمن هەورامی، جیگری سەرۆکی پەرلەمان راستەوخۆ گوتی "ئێمە پێمان وایە ئەمە تەعەسووفە و کێ لەگەڵ ئەوەیە کۆبوونەوەکە بەردەوام بێت، دەست بەرزبکاتەوە"، دواتر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە.
 
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە زۆرینەی دەنگ و بە دەنگی 58 پەرلەمانتار، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆ و راپرسی هەرێمی کوردستان کارا کراوەتەوە".
 
ئەم پێشهاتانە بوونە هۆی ئەوەی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی رووبدات.