نوسەرو میدیاکارێکی سەربەخۆ لەڕێگای زایەڵەوە دەپرسێت پارەی دەسەڵات و حکومەت چی لێ دێ

(0) / / کردستان / زایەڵە دەسەڵات پارە کامیل مەحمود هەرێم گەندەڵی


Jun 15, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کامیل مەحمود نوسەرومیدیاکاری سەربەخۆ بە زایەڵەی ڕاگەیاند،  ئەوەی دەیبینین دۆخ و ڕەوشی حکومەتەکەمانە کە هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ دۆخی دژواری فەرمانبەرە باخەڵخاڵییەکانی هەرێمەکەمان، باخەڵی وەزارەتەکەی کاک ئاواتی شێخ جەناب خاڵییە وەک باخەڵی کارگوزاری بەردەم وەزارەتەکەی،سەرچاوەی داهاتی ئێمەی هاوڵاتی دیارەو لەخەزێنەکەی حکومەتەوە بۆمان دێت، سەرچاوەی داهاتەکەی حکومەتیش جاران دەوترا ئابوری خۆمان و داهاتی خۆماڵیە کە بەحساب بێ نیازمان دەکات لەپارەو داهاتی عێراقی موفلیسی دراوسێمان، ئێستا دەرکەوت کە ئێمە نەدەبینە خاوەنی ئابوری سەربەخۆ و نە بڕیاری سەربەخۆش، چاوەڕێی ڕێژەیەک پارەی بەغداین باخەڵی وەزارەتەکەی کاک ئاوات گەرم بکاتەوەو دواتریش کەمێکی بڕژێتە باخەڵی خاڵی ئێمەمانانەوە.

وتیشی، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەم حکومەتە دەبێت چاوەڕێ بکات تا لەبەغداوە کلیک لەسەر هەژمارە بانکییەکەی دەکرێت و ٤۰۰ملیارەکە دەڕژێتە حساوەکەی، ئەی خۆی چی لەهەگبەیدایەو داهاتی ناوخۆی ئەم وڵاتە چی بۆ کوێ دەڕوات، خۆ لێرەش مەرزەکان و فەرمانگەو کۆمپانیاو هەندێ قاچ و قوچی نەوتیش هەر ماوە؟ ئەو بۆچی هیچ شوێنەوارێکی وەهای نییە شایانی باس بێت،خۆ دەتوانن تا پارەکەی بەغدای موفلیس دەگات خۆیان چەند وەزارەتێک ڕایی بکەن و مووچەیان پێ بدەن.

هێمای بەوەشکرد، دیارە خۆ هەموومان بەکاکە حەمەی حاجی مەحمودیشەوە کەئێستا ئەویش چاوی ڕەخنەی لەسەر پارەی بەغدایە دڵنیاین داهاتی ئەم هەرێمە بەشی ئەوە دەکات بێنیازمان بکات لەبەغدا ئەگەر وەک ڕایەکەی کاکە حەمەو جاران ئەو داهاتە لیژنەیەکی بێلایەن کۆی بکاتەوە بەڵام کە حکومەت باخەڵی وەک ئێمە خاڵیە ئاشکرایە کە لەسەرووی حکومەتەوە دەسەڵاتێکی حزبی هەیە پارەو داهات و ئابوری وڵات لەوانەوە دەگاتە حکومەت و ئەوانیش تا ئێستاو ئاییندەی سیاسی خۆیانی پێ دابین نەکەن لێیان نامێنێتەوە.پرسیارە چارەنووسسازەکەش ئەوەیە دوای ۳۲ساڵ حوکمڕانی کەی کۆتایی بەئەزموونی دەسەڵاتێکی حزبی و حکومەتێکی پاشکۆی بێ دەسەڵات دێت،دەسەڵات بێباک و بێ منەتە لەم دۆخە دژوارە و ئۆپۆزسیۆنیش ئەگەر هەبێت پەرتەوازەو بێ پرۆژەو دوور لەشەقامە.

کامەران کەریم