مـه‌تـرسـی بڵاوبونـه‌وه‌ی جـۆره‌ نـه‌خـۆشییه‌ك ئاشـكراده‌كـرێـت

(0) / / کردستان / زایەڵە حکومەتی هەرێم پەلەوەر نەخۆشی


Jul 11, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند، سێ ساڵە داوا لە حکومەت دەکات کە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتێرنەریەوە لە وڵاتێکی ئەوروپی نمونەی خوێنی پەلەوەرەکان وەربگرێت و ڤاکسینێکی بۆ دروست بکرێت، خاوەنی هەمو کێڵگە پەلەوەریەکانیش ئامادەن 10 دۆلار بدەن بە هەر ڤاکسینێک، دەشڵێت، ڤایرۆسێک کە مەترسییە "ئەگەر بچێتە هەر هۆڵێکی پەلەوەریەوە زیانێکی زۆری دەبێت.

نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم کاتەدا مریشک دوو زیانی لە خاوەن پڕۆژەکانداوە و داوا لە حکومەت دەکات کە بێتە سەرهێڵ سەبارەت بە بابەتی ڤاکسینی پەلەوەر.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هەمو ئەو قسانە رەتدەکاتەوە سەبارەت بەوەی کە دەبێت مریشک لە تەمەنی 40 رۆژ بۆ 45 رۆژ دەرزی هۆرمۆنات وەربگرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، نەخۆشییەک لەناو کێڵگەی مریشکدا لە هەرێم بڵاوبوەتەوە کە 40% بۆ 50% مردار کردوەتەوە.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان وتیشی، لە ئێستا بەرهەمی مریش لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان زۆرە، ئەگەر ئەو کەرتە لەلایەن حکومەتەوە رێکبخریتەوە و بایەخی پێبدرێت ئەوا دەتوانرێت پێداویستی خۆراکی 50 ملیۆن کەس دابینبکرێت.

سەبارەت بەو زیانانەی کە لە خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەری گەیشتوە، وتی، "لە ڕوی ئابوریەوە تێچوی هەر مریشکێک 2700 دینارە، بەڵام لە بازاڕدا کیلۆیەک بە 2200 دینار دەفرۆشرێتەوە، هەروەها ئەگەر ئەم ڤایرۆسە بچێتە هەر هۆڵێکی پەلەوەریەوە زیانێکی زۆری دەبێت و ئەگەر کیلۆیەک مریش بە 10 هەزار دیناریش بفرۆشرێت، مایەکەی خۆی ناکاتەوە.

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان وتیشی "مریشکی سپی تاکە بەرهەمە کە لە هەرێمی کوردستان دەبێت شانازی پێوە بکرێت و هەلی 400 بۆ 500 هەزار هەلیکاریان رەخساندوە، بەڵام حکومەت لێنایەتە پێشەوەو گرنگی پێنادات و 1%یش خەرجنەکراوە بۆ بۆ کەرتی کشتوکاڵ"، پێشبینیش دەکات ئەو کەرتە ساڵانە 500 ملیۆن دینار داهات بۆ حکومەت بەردەستبخات، بەڵام بەداخەوەن کە حکومەت ناتوانێت ئاوڕێکی جددی لەو کەرتە بداتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی سێ ساڵە داوا لە حکومەت دەکات کە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتێرنەریەوە لە وڵاتێکی ئەوروپی نمونەی خوێنی پەلەوەرەکان وەربگیرێت و ڤاکسینێکی بۆ دروست بکرێت، خاوەنی هەمو کێڵگە پەلەوەریەکانیش ئامادەن 10 دۆلار بدەن بە هەر ڤاکسینێک.

کامەران کەریم