بەدرۆخستنەوەی هەواڵی درێژکردنەوەی وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی ئێران لەگەڵ عێراق

(0) / / کردستان / زایەڵە ڕەشنودی ئێران عێراق هەرێم


Sep 15, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان هەواڵی درێژکردنەوەی وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق بەدرۆخستەوە.
نەسروڵڵا رەشنوودی کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی هەواڵی زایەڵەی ڕاگەیاند، هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەیەک دوایین وادەی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان تاران و بەغدا لەمەڕ چەک کردن و دوورخستنەوەی گرووپە تیرۆریستیەکان لە هەرێمی کوردستان نەدراوە و ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆی جێبەجێ دەکرێت.
رەشنوودی هەر هەواڵ و ڕاپۆرتێک لەبارەی درێژکردنەوەی وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی ئێران لەگەڵ عێراق بە بێ بنەما و درۆ زانی.
شیاوی باسە هەندێ لە میدیاکان لە هەرێمی کوردستان بەبێ ئاماژەدان بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و بەبێ ناوهێنان لە ناوەند و بەرپرسێکی فەرمی عێراقی یان ئێرانی بڵاویان کردەوە؛ ئێران رازی بووە 10 رۆژی تر وادە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەمنییەكەی لەگەڵ عێراق درێژبكاتەوە، كە 19ی ئەم مانگە كۆتایی دێت.

ئاماژە بەوەش درابوو ئەم هەڵوێستەی ئێران دوای ئەوە بووە، هەریەكە لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی و فوئاد حوسێن وەزیری دارایی لە سەردانەكانیان بۆ تاران ئەو داوایەیان خستووەتە بەردەم بەرپرسانی ئێرانی.