مەکتەبی سیاسی یەکێتی:ئەولەویەتی ئەم قۆناغە دەبێ بۆ مووچەو ژیانی هاوڵاتیانە

(0) / / کردستان / زایەڵە یەکێتی بافڵ تاڵەبانی


Sep 16, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - رۆژی  شەممە ١٦ ی ٩ ی ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  مەکتەبی سیاسی کۆبۆوە .

کۆبوونەوەکە کە لە دەباشان بەڕێوەچوو ، گفتوگۆی تێروتەسەلی کرد لەسەر دوا پێشهاتەکانی کوردستان و عیراق و ناوچەکە ، بە تایبەت پرسی مووچەو گوزەرانی هاوڵاتیان کوردستان و دوا کۆششەکانی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانیکردنی بەغداو دیدارەکانی لەگەڵ حکومەت و لایەنە سیاسیەکانی عیراقدا .

مەکتەبی سیاسی لەسەر ئەم پرسە هەڵوەستەیکردو تەئکیدیکردەوە ئەولەویەتی ئەم قۆناغە دەبێ بۆ مووچەو ژیانی هاوڵاتیان بێت. بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە رۆڵ و هەوڵەکانی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم و بەغدا بەو ئاڕاستەیە بێت .

بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی  سەردانی وەفدی یەکێتیی بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی  بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران و دیدارەکانی بۆ پێشخستنی پەیوەندی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران. سەرەئەنجام کۆبوونەوە سەردانەکە و پەیوەندییە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکانی یەکێتی لەو نێوەندەدا بە ئیجابی و بنیادنەرانە هەڵسەنگاند لە بەرژەوەندی کوردستان و عیراق .

هەر لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیدا لەسەر دوا ئامادەکارییەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆکراو دووپات لەسەر پەسەندکردنی رێوشوێنە پەیڕەوکراوەکان بەرەوە کۆنگرەیەکی سەرکەوتووی یەکێتیانە لە ٢٧ ی ٩ ی ٢٠٢٣ کرایەوە .

کامەران کەریم