ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌

(0) / / عراق / زایەڵە مووچەخۆر هەرێم


Sep 17, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و لەسەر پێشنیازی ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیار ده‌دات و ئه‌و پرسه‌ یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌.

ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئه‌یلولی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیران کۆدەبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیازی حکومەتی هەرێمی کوردستان یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌ سەبارەت بە ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 14ی ئه‌یلولی 2023، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کورستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و بە یاوەری قوباد تاڵەبانی و شاندێکی یاوەری سەردانی بەغدایان کرد، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوە.

شاندی باڵای حکومەتی هەرێم، پێشنیازی کردووە لە مانگەکانی (7 بۆ 12ـی ئەمساڵ) حکومەتی عێراق مانگانە بڕی 800 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. هەروەها پێشنیازی هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەکی یاسای بودجە تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستانیان خستووەتەڕوو، لەنێویاندا مادده‌كانی 12 و 13.

دوای کۆبوونەوە و دیدارەکانیان لە بەغدا، مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، سەردانەکەیان بۆ داكۆكیكردن بوو له‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هاوكات سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی كرد بۆ ئه‌و یه‌كڕیزییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ماف و شایسته‌كانی هه‌رێمی كوردستان نیشانیاندا.

راشیگەیاند، دوو پێشنیازیان خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ یه‌كێكیان درێژخایه‌نه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان كورتخایه‌نه‌، پێشنیازه‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یاسای بودجه‌ و هه‌مواری به‌شێك له‌ مادده‌ و بڕگه‌كانی، كه‌ ئه‌مه‌ كاتی زۆرتری پێویسته‌ و له‌ داهاتوودا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. 

روونیشیكرده‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ر یان پێشنیازه‌ كورتخایه‌نه‌كه‌، رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 17ـی ئه‌یلوولی 2023، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌درێت.

هەر لەبارەی گفتوگۆکانیان لە بەغدا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆکانی زۆر راشکاوانە، جددی و ئەرێنی بوون، خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش مووچەخۆران دڵنیا دەکەینەوە لە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچە درێغی ناکەن.

کامەران کەریم