دەنگ لەسەر پەیڕەوی نوێی ناوخۆی یەکێتی دەدرێت

(0) / / کردستان / زایەڵە یەکێتی بافڵ تاڵەبانی تەلار لەتیف


Sep 28, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - لە دووەم رۆژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دوای گفتوگۆ لەسەر پرۆژەی رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆ، دەنگ لەسەر پەیڕەوی نوێی ناوخۆی حزب دەدرێت و وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیش دەڵێت: "لە کۆنگرەدا ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵنابژێردرێن".

تەلار لەتیف وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتیی راگەیاند: "رێکارەکانی کۆنگرە لە دووەم رۆژدا بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ ئەندامانی کۆنگرە کەبەشدارن لە لیژنەکانی پرۆگرام، سکاڵا، پەروەردەی حزبی لە کۆنگرەی پێنجەم، پەیڕەو، وتاری سیاسی، شەهیدان و زیندانیان و کەمئەندامان، ناوی خۆیان تۆمار دەکەن و پاشان راپۆرتی خۆیان دەهێننەوە ناو کۆبونەوەکە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

"بڕیاریشە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پێنجەمین کۆنگرە، رەشنوسی پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەنگی لەسەر بدرێت و هەروەها شێواز و میکانیزمی هەرسێ ئەنجومەنی بەرژەوەندی و باڵای سیاسی و سەرکردایەتی و پشتیوانی دیاریی دەکرێن و دەنگی لەسەر دەدرێت"، تەلار لەتیف وای وت.

وتەبێژی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی دەشڵێت: "پاش هەڵبژاردنی ئەندامانی سەرکردایەتی کە ڕەچاوی رێژەی بەشداری ژن و شوێنی جوگرافی دەکرێت، دواتر لەلایەن ئەندامانی سەرکردایەتییەوە بڕیار لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی دەدرێت، واتە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە کۆنگرەدا هەڵنابژێردرێن".