عەلی باپیر:دەبێت دەستخۆشی لە ئێران بکەین کە هاوکاری حەماس دەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە حەماس عەلی باپیر کۆمەڵی دادگەری


Oct 21, 2023

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە – عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری سەبارەت بەوە کە بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری دەکرێت، ڕایگەیاند؛ وەرگرتنی هاوکاری لە ئێران عەیبە نییە، چونکە لە ڕابردووشدا کورد، شیعە و سوننە لە دژی بەعس هاوکارییان لە ئێران وەرگرتووە.
بەمەبەستی دەربڕینی پشتیوانی و ھاوسۆزی بۆ گەلی فەڵەستین و دانیشتوانی کەرتی غەززەی گەمارۆدراو و شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژی دانیشتوانی کەرتەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ھەردوو مەڵبەندی ھەولێر و دەوروبەری ھەولێری کۆمەڵی دادگەری چالاکییەکیان ڕێکخست.
لەو چالاکییەدا لە پاڵ سەرۆکی کۆمەڵەکە، عەلی باپیر، ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی کۆمەڵەی دادگەری و هاووڵاتیيان کە لە ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن و مامۆستایانی ئایینی پێکھاتبوو. بەشداربوون.
عەلی باپیر وەڵامی ئەو ڕەخنانەی دایەوە کە ئاڕاستەی ئیسلامییەکان دەکرێن بەوەی تەنها لە دوورەوە پشتیوانی بۆ فەڵەستین دەردەبڕن و ڕایگەیاند ئابڵوقەدانی فەڵەستین ڕێگرە لەبەردەم چوونیان بۆ هاوکاریکردنیان.
بەدووریشینەزانی لە ئەگەری درێژەکێشانی شەڕەکەدا خەڵك بە هەر ڕێگەیەك بێت لە هەرێمی کوردستان و عێراقەوە خۆیان بگەیەننە فەڵەستین.
سەبارەت بەوەش کە بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئێرانەوە هاوکاری دەکرێت، عەلی باپیر ڕایگەیاند وەرگرتنی هاوکاری لە ئێران عەیبە نییە، چونکە لە ڕابردووشدا کورد، شیعە و سوننە لە دژی بەعس هاوکارییان لە ئێران وەرگرتووە.
عەلی باپیر وتیشی: ئایا ئێمەش کەم هاوکاری ئێرانمان وەرگرتووە؟ ئایا مەمنوونی نەبووین؟ دەبێت دەستخۆشی لە ئێران بکەین کە هاوکاری حەماس دەکات و باجی ئەوەشی داوە.
هەر لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە بەرپرسانی ئەمنیی هەولێر گرت بەوەی مۆڵەتیان نەداون لە بەردەم مەڵبەندی حزبەکەیان گردبوونەوە بۆ پشتیوانیکردنی غەززە ئەنجام بدەن.
بەشداربووانی چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی وێنەی کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە و ھێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستیینییەکان، نزایان بۆ خەڵکی شارەکە کرد.