چەند شوێنێكی شەقامی سالم دەكرێن بە گەشتیاریی

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی شەقامی سالم گەشتیاریی


Nov 01, 2023

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی شارەوانیدا بڕیاردرا، 15 كۆڵانی شەقامی سالم بكرێنە شوێنێكی گەشتیاری و بازرگانی، بە مەرجێك باڵەخانەكانی ئەو ناوچەیە لە چوار نهۆم زیاترنەبێت و ئۆتۆمبێلیش هاتوچۆی تێدا نەكات.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست زایەڵە كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەیەكی ئاسایی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی بەرێوەچوو كە هەریەكە لە سەرۆك و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەن، نوێنەری داواكاریی گشتیی لە كۆبوونەوەكە ئامادەبوون.

لە كۆبوونەوەكە ئەنجومەنیی شارەوانیی سلێمانی دوای تاوتوێكردنی قەڕەباڵغیی شەقامی سالم، بڕیاردرا كە لە كۆڵانی ژمارە 29 تا 43 بكرێن بە گەشتیاریی و بازرگانیی.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو بڕیارەش بە چەند مەرجێك جێبەجێدەكرێت لەوانە، پێویستە هەر بینایەك لە چوار نهۆم زیاتر نەبێت و ئۆتۆمبێل بەهیچ شێوەیەك ناچێتە ناو ئەم شوێنە گەشتیارییەوە.

باس لەوەشكراوە، دیزاینی بیناكان دەبێت بە شێوازێكی كەلەپووریی و كلاسیكی سلێمانی بێت، ئەو بڕیارانەش لە پێناو جوانكردن و جێگرەوەی شەقامی سالم دەبێت.

کامەران کەریم