دادگای فیدراڵی لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
(0) /
زایەڵە - ھەفتەی داھاتوو دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە کە لەسەر ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێم و وەزیری دارایی تۆمارکراون.
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، رۆژی یەکشەممە یەکەم دانیشتنی دادگا لەبارەی سکاڵایەک بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن چوار فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگا ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم پابەند بکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پێدانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەکاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن و گێڕانەوەی مافەکانیان.
ھەمان رۆژ دادگای فیدراڵی بۆ جاری دووەم تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن نۆ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە.
سکاڵاکارەکان، داوایان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بکات یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەک خۆی جێبەجێ بکات بەتایبەت ماددەکانی (٦ و ٧ و ٨ و ٩) و بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.
تێبينيێك بنێرە: