ناردنی 618 ملیار دینارەکە بەردەوام دەبێت

(0) / / گفتگو / زایەڵە سۆران عومەر بودجە پشکی هەرێم


Feb 07, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - پەرلەمانتارێكی كورد ڕایگەیاند: ناردنی 618 ملیار دینارەكە لە بەغدادەوە بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت و وتیشی، هەمواری بودجە پەیوەست بە هەرێم رێككەوتنی لەسەركراوە.

سۆران عومەرئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق  بەزایەڵەی ڕاگەیاند: ئەگەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێنەکاتەوە، ناردنی 618 ملیار دینارەکە بەردەوام دەبێت.

وتیشی:  لەڕێی ئەو پارەیەی لەلایەن بەغدادەوە رەوانەدەكرێت، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابیندەكرێت.

پێشتر ناردنی تەواوی پشكی هەرێم لە بودجە پەیوەستە بە هەمواركردنەوەی چەند بڕگەیەكی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، سۆران عومەر روونیكردەوە: ئەو هەموارەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە رێککەوتنی لەسەر کراوە و کێشەی نەماوە. مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە نامێنێت و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیش زیاد دەکرێت.

شەوی رابردووش عەباس كازم، نوێنەری عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنەكەدا وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: هەماهەنگی لە نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی مووچە هەیە، رێككەوتن لە نێوان هەردوولاشدا كراوە.

جەختیشیكردەوە:  هەموو هەوڵێك بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەدەن و دانوستانەكان لەو بارەیەوە بەردەوامن.

كۆتایی هەفتەی رابردوو یەكەم گوژمەی 618 ملیار دینارەكەی بەغداد گەیشتە هەرێم و بەهۆیەوە دەستكرا بە دابەشكردنی مووچەی مانگی كانونی دووەمی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێم و بڕیارە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە دابەشكردنەكەی كۆتایی پێبێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە چارەنووسی مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردووی مووچەخۆران بە نادیاری ماوەتەوە و تائێستا هیچ بڕیارێكی رەسمی لەبارەیەوە دەرنەچووە.

کامەران کەریم