رێککەوتنی عێراق و ئێران لەسەر داخستنی مەرزە لاوەکییەکان

(0) / / اقتصادی / زایەڵە ئێران عێراق ئابووری


Feb 07, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی ئێران، رێککەوتنێکی نوێیان لەسەر پرسی داخستنی مەرزە لاوەکییەکان و بازرگانی و کردنەوەی دەروازەی سنووریی نوێ و رێگەگرتن لە کارى قاچاغچێتی واژۆکرد.

رێککەوتنەکەی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، لەگەڵ ئاژانسی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بۆ کاروبارى پۆلیس و ئاسایش، ئەمڕۆ چوارشەممە 7ـی شوباتی 2024 واژۆکراوە و لە 11 خاڵ پێکدێت.

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، ئێران پابەند دەبێت کە رێگە بە کردنەوەی هیچ دەروازەیەکی سنووریی نوێ نەدات، بەبێ رەزارمەنی و هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق.

یەکێکی دیكە لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی عێراق و ئێران، دەستنیشانکردنی ئەو دەروازە لاوەکییانەیە، کەوا بۆ کاری قاچاغچێتی بەکاردەهێندرێت بەدرێژایی سنووری نێوان هەردوو وڵات بەمەبەستی داخستنیان.

دەستەى دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، رێککەوتن کراوە عێراق ساڵنامەی کشتوکاڵی خۆی پێشکەش بە ئێران بکات، تاوەکو لەلایەن بەرپرسانی تارانەوە رێگری بکرێت لە هەناردەکردنی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی قەدەغە دەکرێن.

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان دەستەی دەروازەی سنوورییەکانی عێراق و لایەنی ئێرانی، کاردەکرێت بۆ کاراکردنی گواستنەوەی ترانزێت لە ئێرانەوە بۆ وڵاتانی دیكە لە رێگەی عێراقەوە.

یەکێکی دیكە لە خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران، قەدەغەکردنی وەرگرتنی باجی نایاساییە لە دەروازە سنوورییەکان.