کۆتایی قۆناغێك!چەند سەرنجێکی سەرەتایی / ڕابوون مەعروف

(0) / / مقالە / زایەڵە ڕابوون مەعروف هەرێم پارتی یەکێتی


Feb 24, 2024

قەبارەی فۆنت:

یەکەم: گەڕەلاوژەی تەواو! ناوی پڕ بە پێستی ئەم قۆناغەیە. کاتێك، پشێوی و شپرزەیی و پاشاگەردانی زاڵ ئەبێت، نوسین و گفتوگۆی سەنگین و پێشکەشکردنی بیر و ڕاکان سەخت ئەبن. سازکردنی سیاق و کۆنتێکست، بۆ گفتوگۆ و پێشکەشکردنی بۆچونەکان، ناڕەحەت و دژوارە.

دوەم: جێگەی داخە، بنەما و ئەدەبی گفتوگۆ نەماوە. زۆر کەمن ئەوانەی گوێ ئەگرن. حەشامات، کە زۆرینەی رەھان، نایانەوێت گوێیان لە راستی بێت، بەڵکو ئەخوازن، ئەوە ببیستن کە حەز ئەکەن بیبیستن. لە دەیان ناوەندەوە، کەسانێکی زۆر، کرێ وەرئەگرن، بۆ ئەوەی تاریکی بخەنە سەر وێنەکان و راستییەکان بشارنەوە.

سێھەم: بێگومان، سەرچاوە و ھۆکاری یەکەمی، ئەم زنجیرە شکستە زەبەلاحانە پارتی و یەکێتی بون. شکستەکە ئەوەندە زەبەلاحە، (کورد!) تەنانەت توانای بینینی شکست و کەوتن و گلانی خۆی لە دەستداوە! زۆرینەی رەھا، شکست و کەوتن، وەك سەرکەوتن ئەبینن.

چوارەم: نەتەوەیەك کە، ئاسۆی لێون ئەبێت، دۆست و دوژمنی لێتێکەڵ ئەبێت و سەرکەوتن و شکست لە یەك جیا ناکاتەوە. بێگومان نەتەوەیەکی ئەوتۆ، بە بۆنەی شکستەکانەوە، ئاھەنگ ئەگێڕێت و بە دیار لاشەی خۆیەوە، سەما ئەکات.

پێنجەم: ئێستا ھەرێم (ی فیدراڵی) لە روی قانونییەوە نەماوە! ئەوەی ھەیە، دیفاکتۆیەکە، کە ئەمەریکا و خۆرئاوا، بۆ خاتری پاراستنی کورد، لە جینۆساید، تا ئێستا پاراستویانە. بەڵام ئایا ئەمەریکا و خۆرئاوا، تا کەی (نەتەوە) و خەڵکێك ئەپارێزن، کە ئەو خەڵکە، دوژمنی ئەمەریکا و خۆرئاوا و ئەو بەھایانەن کە خۆرئاوای مۆدێرنی لەسەر بنیاتنراوە؟ ئەو خەڵکەی، کەوتوەتە ناو عەشق و خۆشەویستی دوژمنەکانیەوە! ئەو خەڵکەی پاڵ بە دۆستەکانییەوە ئەنێت و ئەیبوغزێنێت، بەڵام بە ھەمو ھێز و عیشق و حەنینەوە، باوەش بە دوژمنە دێرینەکانیدا ئەکات.

شەشەم: ئێستا، زۆر بە ئاشکرا، پارتی و یەکێتی، دو میلیشیان، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی کۆمەڵایەتی و دارایی چەند گروپێك ئەکەن. ئەو جوت حیزبە، ئاسۆیان لێبزر بوە و پەیوەندیان بە دۆزی کوردە نەماوە: لەبری، پاراستنی شوناسی کورد و سەروەری نەتەوە، خەریکی پاراستنی بەرژەوەندی چەند خێزان و گروپێکی دز و قاچاخچیین.

حەوتەم: کاتێك، پارتی و یەکێتی، بە ھێزی چەکدار و میلیشیا و دەزگای جاسوسی و ناوەندی جەریمە و تاوان و دزی و تاڵانیی و سەرانە سەندن، چنگیان لە دەسەڵات گیر کردوە، بێگومان گەمژەیی تەواوە، چاوەڕێ بیت، بە ھەڵبژاردن و لە رێگەی دامەزراوە شکڵییەکانەوە، دەسەڵات بگۆڕیت.

ھەشتەم: لە ئێستادا، کورد کەوتوەتە ناو گێژاوی گلان و شکستەوە. بەڵام، بێگومان دەرفەت ھەیە، کورد ھەستێتەوە و جارێکیتر، سەروەری و شکۆمەندیی بەدەستبخاتەوە. بەڵام، من بە قوڵی بڕوام وایە، پارتی و یەکێتی ناتوانن، سەرکردایەتی ھەڵسانەوەی کورد بکەن. بۆیە، ئەبێ ئەو جوتە حیزبە تێپەڕێنرێن و گوتار و دیدەگای ئەلتەرناتیڤیی نەتەوەیی و دیموکرات، بە ئاسۆی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن پێشبخرێن.

نۆیەم: دەسەڵاتدارانیی بەغداد، وەك ناحەز و دوژمن، سەیری کورد ئەکەن. ئەوان، لە دوی چارەسەر و دامەزراندنیی دیموکراسیی و دەوڵەتیی دامەزراوەیی مۆدێرن نین. بەڵکو، لە دوی دەرفەتن، پەلاماری کورد بدەن و ئەنفالێکیتر، بۆ کورد ساز بکەن. بۆیە، ئەوانەی چاوەڕێن، لە بەغدادەوە، کوردستان و دۆزەکەی رێکبخەنەوە، نەك نازانن چی لە ناوچەکە ئەگوزەرێ، بەڵکو تەنانەت سەری لوتی خۆیان نابینن.

دەیەم: لە ھەمو ئەم بارە نالەبارە، ترسناکتر، تیرۆرە. تیرۆری ئایینی، نەك ھەر چارەسەر نییە، بەڵکو رێگەیەکە بۆ وێرانکردن و کاولکردنی کوردستان، بە جۆرێك، کە تا سەد ساڵ، کورد نەتوانێت سەر ھەڵبڕێت و بیر لە حاڵ و باری خۆی بکاتەوە.

یانزەیەم: لە پارتی و یەکێتی، خراپتر و بەدکارتر، حیزب و جوڵانەوە و گروپەکانی ئۆپۆزیسیۆنیی ساختەن. باڵێکی ئۆپۆزیسیۆنی ساختە، تیرۆریست و بەربەریین. باڵێکیتریان، کۆمپانیای بازرگانیی و قۆڵبڕیی و پیشەسازیی چەواشەکاری و درۆ و کلاواتن. ئەوانیتر، دوکانی سیاسیی کەسانێکی مورتەزەقەن، کە کاسبی بە دۆز و موعاناتی خەڵکەوە ئەکەن.

دوانزەیەم: راستە، بار و دۆخەکە، نا ھەموارە، بەڵام بێگومان کورد ئەتوانێت ھەڵێستەوە و تەنانەت، ببێتە سەرمەشقیی گۆڕانکاریی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست. بۆ ئەوە، ئەبێت سەرتاپای گوتار و دیدەگا سیاسییەکانی ئێستا، تێپەڕێنرێت. نابێت ھیچیتر، لە ناو زۆنگاوی فەلسەفە و فکری تا ئێستا، فاسد و گەنیو بخولێینەوە. ئەبێ کورد ھەڵکشێت، بۆ ئاستی، گوتاری سەروەری و سەربەخۆیی و دامەزراندنیی دەوڵەتیی دامەزراوەیی مۆدێرن.
*
دەست لە حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی ساختە بەردەن. ئەوان، ئومێدی ئایندە نین، بەڵکو پیشەسازیی درۆ و چەواشەکاریی و سەرچاوەی نائومێدیی و ئومێدی ساختەن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی