نوێترین زانیاری لەبارەی ئەو 19 هەزار مانگایەی لە بەڕازیلەوە دەهێندرێنە عێراق

(0) / / اقتصادی / زایەڵە مانگا عێراق ئابووری


Feb 26, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - فەرمانگەی ڤێرتەرنەری عێراق قسەی خۆی لەبارەی ئەو 19 هەزار مانگایەوە کرد کە لە بەڕازیلەوە بەرەو عێراق بەڕێکەوتبوو، لەماوەی رابردوودا بووە باسی گەرمی میدیا جیهانییەکان، دوای ئەوەی لە شاری کەیپ تاون داواکرا زوو شارەکە جێبهێڵێت بەهۆی بۆنە ناخۆشەکەیەوە.

تامر حەبیب حەمزە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ڤێرتەرنەری عێراق لە لێدوانێکدا پشتڕاستیکردەوە، ئەو ئاژەڵانەی لە بەرازیلەوە هاوردە دەکرێن بۆ عێراق سەلامەتن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەو 19 هەزار مانگایە قسەیان لەگەڵ وەبەرهێنەرەکە کردووە و وتویەتی، "هەموو ئاژەڵەکان سەلامەتن و هیچ حاڵەتێکی مردن لەنێوانیاندا نییە و بڕوانامەی تەندروستی ڤێتێرنەری بەڕازیلی پێدراوە.

روونیشیکردەوە، پڕۆسەی گواستنەوەی ئاژەڵ لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، ئەگەر مەوداکان درێژبن، بریتییە لە ترانزێت بۆ پاککردنەوەی پاشماوەکان و کارکردن بۆ ئەوەی پشوویەک بدرێت بە ئاژەڵەکان لە گەشتکردنی مەودای درێژ، ئەوەش کارێکی ئاساییە لە پڕۆسەی گواستنەوە و هاوردەکردنی ئاژەڵ لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە و سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لە راگەیەندراوەکانی شارەوانی گەشتیاری کیپ تاون لە باشووری ئەفریقا کە ئاماژەیان بە بوونی بۆنێکی ناخۆش لە نێو ئاژەڵەکاندا کردبوو.

وتیشی، "بوونی بۆنی ناخۆش لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی پاشماوە و ئامۆنیا دروست دەبێت، بەهۆی گواستنەوەی ئاژەڵ بۆ مەودای درێژ شتێکی ئاساییە و دوای گەیشتنی بارەکە بۆ عێراق، رێکاری تەندروستی پێویست دەگیرێتەبەر و ئاژەڵەکان کەرەنتینە دەکرێن و دواتریش پشکنینیان بۆ دەکرێت و دوای دڵنیابوون لە سەلامەتییان، دەخرێنە بازاڕەوە.

باسی ئەوەشی کرد، هاوردەکردنی ئاژەڵ لەدەرەوەی وڵاتەوە بڕیاری وەزیری کشتوکاڵی عێراقە بۆ ئەوەی بە نزیکبوونەوەی لە مانگی رەمەزان نرخی ئاژەڵ بەرزنەکرێتەوە لەلایەن بازرگانانی چاوچنۆکەوە، پێچەوانەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ جێگیرکردنی نرخی گۆشت و دڵنیایشیدا، "پاڵپشتی هەر وەبەرهێنەر و بازرگانێک دەکرێت مانگا و مەڕ بهێنێتە عێراق بەمەبەستی بەخێوکردن و سەربڕین.

کامەران کەریم