مووچەخۆرانی هەرێم نایانەوێت بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من دا بکەن

(0) / / راپورت / زایەڵە مووچەخۆر هەژماری من


Feb 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەشێکی زۆر لە مووچەخۆران ناڕازین لەو پرۆژەیەیەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەناوی هەژماری من ڕایگەیاندووە و نایانەوێت بەشداری لەو پرۆژەیەدابکەن و شارەزایەکی ئابوریش پێی وایە تاوەکو ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا سیستمی بانکی پێشکەوتوو نییە و ئەوەش گرفتێکی گەورەیە لەبەردەم مووچەخۆراندا و بووەتە هۆی نەبونی متمانە لای هاوڵاتیان و مووچەخۆران.

دڵشاد ئیبراهیم کەریم وەک یەکێک لە مووچەخۆرانی کوردستان ڕایگەیاند:  حکومەتی هەرێم نەک تەنها لای موچەخۆران، بەڵکو لای هێزە دەرەکییەکانیش هیچ متمانەیەکی نەماوە و هەروەها ئەو بانکەش کە حکومەت بەنیازە لەڕێگەیەوە موچە دابەشبکات بانکێکی ئەهلییە و ئەمەش مەترسی ئەوەی لای ئێمە دروستکردووە کە ئەم بانکانە لەکاتی نەمانیان یاخود ڕوودانی هەر ڕووداوێک مووچەی موچەخۆران هەموی لەناوبچێت دواجار کەسێکیش نەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات،

وتیشی: لە ماوەکانی ڕابردودا دادگای فیدراڵی بڕیاردا کە ١٠٪  مووچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران بدرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێم پابەندی ئەو بڕیارەی دادگانەبووە و بۆیە ئێمە دەپرسین هەرێم لەڕێگەی هەژماری منەوە دەتوانێت چی بۆئێمەی مووچەخۆران بکات؟ بۆیە بە هەمو توانایەکمانەوە دژایەتی ئەم پرۆژەی حکومەت دەکەین وپێمان وایە فێڵێکە و لە مووچەخۆران دەکرێت

دڵشاد ئیبراهیم ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە لە هەنگاوی سەرەتاماندا هۆشیاری دەدەین بە مووچەخۆران و لە قۆناغەکانی داهاتوشدا دەستدەکەین بە ڕاگەیاندنی کەمپین و هەوڵدەدەین خۆپیشاندان ڕێکبخرێت بۆئەوەی خەڵکی بەتەواوی هۆشیار بکرێتەوە. 

لای خۆشیەوە بیابان نوری ڕۆستەم، مامۆستای زانکۆ و شارەزای بواری ئابوری  ئاشکرای کرد:  بەپێی ئەوزانیاریانەی کە لەبەردەستی مندان تاوەکو ئێستا ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ هەزار مووچەخۆر ناوی خۆیان تۆمارکردووە، بۆیە ئەگەر بێت و مووچە لەڕێگەی بەغداوە بدرێت ئەوا کار بە هەژماری من ناکرێت،

ڕونیشی کردەوە: هۆکاری تۆمارنەکردنی ناوی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بەشێکی پەیوەندی بەحکومەتەوە و هەیە و بەشێکی زۆریشی پەیوەندی بەو بێمتمانەیەی مووچەخۆرانەوەهەیە، کەنایانەوێت ناوی خۆیان تۆماربکەن

بیابان نوری، ئاماژەی بەوەشکرد: لەڕووی ئابورییەوە سیستمی بانکی زۆرپێویستە بۆ پێشکەوتنی هەروڵاتێک کە ئارەزوبکات پێشبکەوێت، بەڵام لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا سیستمی بانکی پێشکەوتوو نییە و ئەوەش گرفتێکی گەورەیە لەبەردەم مووچەخۆراندا

هەژماری من، خزمەتگوزارییەکی بانکییەو حکومەتی هەرێم بەنیازە لەوڕێگەیەوە مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، بەڵام بەهۆی دواکەوتوی سیستمی بانکییەوە لە هەرێمی کوردستان مووچە خۆران نایانەوێت ناوی خۆیان لەو پرۆژەیەدا تۆماربکەن.