مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دابەشدەکرێت

(0) / / عراق / زایەڵە مووچە بەغدا


Mar 03, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، بۆ مانگی ئادار حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پابەندبێت بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق.

عەتوانی دەشڵێت، بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، حکومەتی عێراق پارەی مووچەی مانگی شوبات بۆ هەرێم دەنێرێت، بەڵام بۆ مانگی ئادار حکومەتی هەرێم دەبێت پابەندبێت بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بە گواستنەوەی مووچە بۆ سەر عێراق و دابەشکردنی لە ڕێگەی بانکی فیدڕاڵییەکانەوە.

سەبارەت بە دواکەوتنی خشتەی بودجەی ساڵی 2023، عەتوانی ڕوونیکردەوە، خشتەکان دەبوو پێش کۆتایی ساڵی ڕابردوو ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرایە، بەڵام خشتەکان هێشتا لای دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەمینداریەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی پلاندانانە بۆ ئەنجامدانی هەمواری پێویست بەگوێرەی مەرجەکانی ساڵی 2024.

عەتوانی پێشبینی کرد مانگی داهاتوو خشتەکان بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بە پابەندبوون بە هەموو ئەو بڕگانەی کە لە بودجەی ساڵی ڕابردوودا هاتووە سەبارەت بەو دامەزراندنانەی کە دەبێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی دارایی جێبەجێ بکرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا حکومەتی عێراق پابەندە بە ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێم، بەبێ گوێدانە پابەندییەکانی هەرێم، دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش ڕاستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دەبێت لە ڕێگەی کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکە حکومییەکانی عێراق، بۆیە دەتوانین بڵێین پرسی مووچە یەکلای بووەتەوە.

کامەران کەریم