عەدالەت عەبدوڵا، چاودێری سیاسی: بڕیارەکانی دادگایی فیدراڵی  ئاراستەی جیاوزی لەناو هەرێمدا دروستکردووە

(0) / / گفتگو / زایەڵە فیدراڵی هەرێم دادگا


Mar 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - عەدالەت عەبدوڵا، چاودێری سیاسی لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ پەیامنێری زایەڵە، ڕایگەیاند، لە ناو هەرێمی کوردستان چەند ئاراستەیەک دروستبووە سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگایی فیدراڵی، ئاراستەیەکیان پێی وایە بڕیارەکانی دادگا دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاراستەیەکی دیکەش پێیان وایە بەپێچەوانەوە ئەو بڕیارانە هەندێک دەرئەنجامی لێکەوتۆتەوە کە لە بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسییە لە کوردستان و دامەزراندنەوەی دەزگا سەرەکییەکان.

* لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە بەردەوامبونی دادگایی فیدراڵی لەسەر دەرکردنی بڕیارەکانی چی بەسەر ئایندەی سیاسی هەرێم دێنێت؟

عەدالەت عەبدوڵا، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: بڕیارەکانی دادگایی فیدراڵی سێ ئاراستەی جیاوازی لە ناو هەرێمی کوردستاندا دروستکردووە، ئاراستەیەکیان پێیان وایە ئەوبڕیارانە دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاراستەیەکی دیکەش پێی وایە بە پێچەوانەوە بڕیارەکان لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانە و هەر ئەوەشە وایکردووە کە هەندێک دەرئەنجامی لێکەوتۆتەوە کە لە بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسییە لە کوردستان و دامەزراندنەوەی دەزگا سەرەکییەکانیەتی بۆنمونە، یاسای هەڵبژاردن، کە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و هەرئەوەشبو بینیمان کە سەرۆکایەتی هەرێم کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیاریکرد، هەروەها بڕیاردان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران کە بخرێتەسەر بانکە فیدراڵیەکان، کە دیسانەوە لە قازانجی چینێکی فراوانی خەڵکە، کە دیارە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مووچەخۆرن لە هەرێمی کوردستان، کە دەتوانین بڵێین ٣٠٪ خەڵکی هەرێم ئەوگرفتەیان چارەسەر بووە، کە ئەوەش یەکێکە لە دەرئەنجامە باشەکانی ئەو بڕیارانە

وتیشی: ئەوەی دەمێنێتەوە ئاراستەی سێیەمە کە دەبێت وەک چۆن پشتیوانی لە هەر بڕیارێکی دادگایی فیدراڵی بکرێت کە لە قازانجی خەڵک و لە بەرژەوەندی تەجروبەی سیاسی هەرێمی کوردستان بێت، ئاوەهاش وریابین کە خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکان، لە لایەن هێزی سیاسی دیکەوە ئەوانەی کە نەیاری تایبەتمەندێتی هەرێمی کوردستانن ئەو بڕیارانە بەکارنەهێنرێن بۆ زیانگەیاندن لەپێگەی هەرێم،  کە دیارە ئەمە ئەو ئاراستە سەرەکیانەن کە ئێستا هەن، من خۆم لایەنگری ئەوەم کە ئاراستەی سێیەم پەیڕە و بکرێت ئەویش ئەوەیە چی بڕیارێک لە دادگایی فیدراڵییەوە دەردەچێت و لە بەرژەوەندی خەڵک و لە بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی هەرێمە پشتگیری بکرێت، ئەگەر هەوڵبدرێت هەر بڕیارێکیش دژی قەوارەی هەرێم بوو بەکاربهێنرێت ئەوا هەرێم قەوارەیەکی دانپێدانراو و دەستورییە بەگوێرەی ماددەی ١١٧ی دەستور، ئەوکات دەتوانرێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداربکرێتەوە و ئەوکات پێویست دەکات ئەوان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، چونکە بڕیارەکانی دادگایی فیدراڵی هی ئەوەنییە ڕەتبکرێنەوە.

* سیاسسیەکانی کورد بۆ پارێزگاریکردن لە قەوارەی هەرێم، هەمیشە شانازییان بە دۆستەکانیانیانەوە دەکرد، ئێستا لەم دۆخەدا کە پێیان وایە بڕیارەکانی دادگایی فیدراڵی هێرشە بۆ سەر قەوارەی هەرێم، ئایە ئەم دۆستانە دەتوانن چی هەنگاوێک لە بەرژەوەندی هەرێم هەڵهێنن؟ ئایە وەک سەردەمی ڕیفراندۆم پشت لە کورد ناکەنەوە؟ 

عەدالەت عەبدوڵا: ئەو دۆستایەتییە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لە کاتێکدا کە گرفتێکت لەگەڵ هەر بڕیارێک و هەر یاسایەک هەبێت لەسەر ئاستی فیدراڵ، ئەوا ئاگاداریان بکەیتەوە، بەتایبەت ئەمەریکیەکان کە لایەنێکی سەرەکین و چاودێری پرۆسەی سیاسی عێراق دەکەن و دۆستە ئەوروپیەکانیش نوێنەریان هەیە و ئاگادارکردنەوەیان لە هەندێک پەرەسەندنی تازە کە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد هەبێت شتێکی باشە، بەڵام نابێت ئەوەمان بیربچێت کەوا هەموو ئەو وڵاتانە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانن و لە هەر پرسێکا کە جێی ناکۆکی بێت ئەوا بە پلەی یەکەم دەگەڕێنەوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و نایەن لە پێناوی هەرێمدا دژایەتی بەغداد بکەن، بەڵکو ڕەنگە تەنها ڕایی خۆیان بگەیەنن،
کەواتا دەبێت پێشوەخت تێبگەین کە لە هەموو دونیادا وەهایە دەوڵەتێک کە سیستمەکەی فیدراڵ بێت ئەوا دەسەڵاتە فیدراڵیەکان گوێ لێگیراوترن تا دەسەڵاتە لۆکاڵیەکان، تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت ئەویش ئەو دەزگایانەی کە بەرپرسن لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان  کە ڕەهەندی دەستوری هەیە و ئەو دەزگایانە لایەنگیرییەکیان پێوە دیاربێت کە نادەستوری بێت و بەئاشکرا دەربکەوێت بۆ ڕایی گشتی جیهانی کە ئەمە لایداوە لە ئەرکەکەی کەئەوەش حاڵەتێکە دەگمەنە ڕوبدات و نایەن بڕیارلک بدەن کە ببێتە مایەیی تێکدانی کاری خۆیان، بۆیە دەتوانرێت دۆستایەتییەکان تا ئەوشوێنە سودیان لێ ببینرێ کە پێشێلکاری زۆر گەورە هەبێت و ڕایەکی گشتی دروستکردبێت لەناو خەڵکی کوردستاندا، ئەوکات دەتوانرێت کاریگەری دروست بکرێت لەسەر ئەو هێزە سیاسیانە، بەڵام ئەواتا دەبینین لە بەرامبەر ئەم
بڕیارانەی دادگایی فیدراڵی ئێمە ڕایەکی گشتیمان نییە کە دژی ئەو بڕیارانە بێت، بەپێچەوانەوە بەێک لە شەڤامی کوردی ئاهەنگیان گێڕا و بەشێکی زۆر لە هێزە سیاسییەکان پێشوازییان کرد لەو یاسا تازەیەی کە لە بڕیاری دادگا یەکلاکرایەوە کە هەڵبژاردن لە ڕێگەی ئەو یاسایەوە بکرێت، بەتایبەت لەبارەی کورسی کۆتاکانەوە

* پێتان وایە ئەگەر لە ناوخۆی هەرێمدا کۆدەنگییەک هەبێت دەتوانرێت کاریگەری هەبێت لەسەر هێزە دەرەکییەکان ئەوانەی کە کورد بەدۆستی خۆیانی دەزانێ، بۆ لە ساڵی ٢٠١٧ و سەروەختی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەرەڕایی ئەو یەکدەنگییە کەچی دۆستەکانی کورد پشتیان لە کورد کرد؟

عەدالەت عەبدوڵا، چاودێری سیاسی: دەبێت پناسەی دۆستەکانی کورد بکەینەوە و بزانین دۆستەکانی کورد کێبون و کە لەو قۆناغەدا کێبون ئەوانەی کە پێمان دەوتن دۆست، ئەگەر بمانەوێت بڵێین دۆست ئەوا هەرهێزێک کە پشتیوانی لە قەورەی هەرێم بکات دۆستە، بەڵام دەبێت بزانین ئەو کات هێزە کاریگەرەکان بوون کە پشتگیری هەرێمیان دەکرد بۆ پرسی ڕیفراندۆم یاخود نەخێر کە لەوانەیە دۆستی هەرێم بن ، بەڵام کاریگەرییان لەسەر دۆخی عێراق نییە،بۆ نمونە وڵاتێکی وەک ئیمارات یاخود سعودییە، یاخود ئیسرائیل کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق نییە و دیاربو هێزەکاریکەرەکان پشتیوانی هەرێم نەبون بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بۆیە هەڵە تێگەیشتنێک هەبوو بۆ سود وەرگرتن لە دۆستایەتی، ئێمە زیاتر لەڕوانگەی ئەوەی کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم مافە و لەو ڕوانگەیەوە گشتپرسیمان ئەنجامدا،نەک لەو ڕووەوە کە پێی دەوترێت مافی حەقیقی و دۆخی سیاسی عێراق بەڕادەیەک ئاڵۆزبوو کە ئەگەر ئەنجامی گشتپرسییش سەد دەر سەدیش ببوایە هیچ سودێکی نەدەبوو، بەداخەوە ئێمە لەسەربنەمای واقع مامەڵەمان نەکرد، بەڵکو هاتین خەونمان سەپاند بەسەر ڕاستیدا.

* بەشێک لە هێزە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستانیش پێیان وایە بڕیارەکانی دادگایی فیدراڵی هێرشە بۆسەر قەوارەی هەرێم، ئەگەرئەمە مەترسییەکی ڕاستیە، کورد بۆ دەربازبون لەم بارودۆخە دەبێت چیبکات؟

عەدالەت عەبدوڵا، چاودێری سیاسی: سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە پێکهاتەی دادگایی فیدراڵی بەتەنها سەربەیەک هێز و پێکهاتی خەڵکی عێراق نیێە، هەروەها دوو دادوەری گەورەی کوردی تێدایە، کە یەکێتی و پارتی خۆیان دایان ناون،بۆیە ئەگەر بزانن دادگایی فیدراڵی پرۆژەیەک بۆ گەلەکۆمەکی لە هەرێمی کوردستان ئەوا دەبێت یەکەمین هەڵوێست لە کوردستانەوە ئەوە بێت کە ئەو دوو دادوەرە لەو دادگایە بکشێنەوە بۆئەوەی هیچ نەبێت پرسیار لەسەر شەرعێتی دادگاکە دروست بێت، ئێمە تاوەکو ئێستا ئێمە هیچ هەنگاوێکی لەم جۆرەمان بەدی نەکردووە و پێش ئەوەی لە هەرێمی کوردستانیشەوە داوایان لێ بکرێت کە هەڵوێستیان هەبێت دەبێت خۆیان دەنگ هەڵبڕن و هەڵوێستیان هەبێت، دیارە ئەو دادوەرانە هیچ گرفتێک لە بڕیارەکاندا نابینن بۆیە تاوەکو ئێستا بێدەنگن، کە بەبڕوایی من هەڵوێستی دادوەرە کوردەکان ڕێگایەکی کرداری گرنکە، بەڵام تائێستا هەستمان بەهیچ ناڕەزایەتییەکی ئەو دادوەرانە نەکردووە