هەڵەبجە پێویستی بە ئاوڕدانەوەی زیاتر هەیە

(0) / / گفتگو / زایەڵە هەڵەبجە چرۆ حەمەشەریف


Mar 17, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ ئەندامێکی پەڕلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت،  لەپاڵ یادکردنەوەی هەڵەبجەدا پێویستە خزمەتی زیاتر بەو پارێزگایە بکرێت و ڕونیشی کردەوە پێویستە ڕێکەوتنێکی سیاسی لەنێوان هەرێم و بەغدادا بکرێت بۆئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتر بە خەڵکی هەڵەبجەبکەین.

چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، ڕایگەیاند: بەداخەوە ٣٦ ساڵ بەسەر کیمیاباران کردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خزمەت بە هەڵەبجە نەکراوە و لە لایەن حکومەتی هەرێمیشەوە وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە

وتیشی: دوای ٣٦ ساڵ دەبو ئێستا هەڵەبجە سیمایەکی وەهای هەبوایە کە خەڵکی لە وڵاتانی دیکەوە بهاتنایە بۆ بینین و سەردانی کردنی هەڵەبجە، وەک شوێنێک کە سمبولی قوربانیدانی نەتەوەی کوردە، بەڵام بەداخەوە پاش تێپەڕبونی ئەو هەموساڵە کەچی تائێستا بەشێک لەگەڕەک و کۆڵانەکانی هەڵەبجە خزمەتگوزاری سەرەتاییان پێنەگەیشتووە و ئێستاش هەردەڵێی تازە تاوانی کیمیابارانکردن ڕویداوە.

چرۆ حەمەشەریف، ئاماژەی بەوەشکرد: لە نێوان یادکردنەوە و خزمەتکردنی هەڵەبجەدا، بەدڵنیاییەوە پێش هەموو شتێک هەڵەبجە پێویستی بەوەیە خزمەت بکرێت، دواتر یادی ئەوتاوانە بکرێتەوە، کە دیارە یادکردنەوەی ئەوتاوانەش بۆئەوەیە کە نەوەکانی داهاتوومان بزانن کە چی تاوانێکی گەورەدەرحەق بە هەڵەبجەکراوە

ئەندامەکەی پەڕلەمانی عێراق، باسی لەوەش کرد: ئەمڕۆ کەیادی تاوانی کیمیا باران کردنی  هەڵەبجەبوو، وەک هەڵەبجەیەک تەمەنام دەکرد سەرجەم بەرپرسانی هەرێم و تەنانەت عێراقیش لە هەڵەبجە بونایە، بەڵام بەداخەوە جگە لە چەند وەزیرێک هیچ بەرپرسێکی دیکە ئامادەنەبون لەو یادەدا، لەکاتێکدا دەبو بەر لە هەمووکەسێک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرجەم وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خەڵکی هەڵەبجەدا بونایە، بەڵام بەداخەوە ئامادەنەبون کە ئەوەش بۆئێمەی هەڵەبجەی مایەی نیگەرانی بوو.

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەڕلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد: من وەک ئەندامێکی پەڕلەمانی عێراق و وەک نوێنەری هەڵەبجە کە لە بەغدادم، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند بابەتێک کە تایبەتە بە پرسی هەڵەبجە سەردانی دادگای فیدراڵیی عێراقم کردووە، یەکێک لەوانە ماددەی ٣٥ کە تایبەتە بەهەڵەبجە، بەڵام بەداخەوە لەو مادەدا کاتێک دەرکراوە تەنها یەکجار باسی هەڵەبجەی تێدا کراوە و بەجۆرێک نییە کە خەڵکی خەڵەبجە سودمەندبێت لێی، لەکاتێکدا ئەو یاسایە لە پێناو پرسی هەڵەبجەدا دەرکراوە کەچی خەڵکی ڕەفحا لێی سودمەندە و خەڵکی هەڵەبجە لێی بێبەشە کە ئێمە پێمان وایە ئەو بابەتە بەسیاسی کراوە

چرۆ حەمەشەریف، ڕونیشی کردەوە: بەداخەوە لەعێراقدا بارودۆخ بەجۆرێکی لێهاتووە ئەگەر ڕێکەوتنی سیاسی لەسەر بابەتەکان نەکرێت ئەوا هەرچەند لەڕێگەی دادگاوە هەوڵ بدرێت سودێکی ئەوتۆی نابێت، بۆیە ئێستا ئێمەش لەهەوڵی ئەوداین کە لەڕێگەی ڕێکەوتنێکی سیاسییەوە بتوانین قازانجێک بە خەڵکی هەڵەبجە بگەیەنین.