کەمخوێنی کوشندە

(0) / / هەمە ڕەنگ / زایەڵە کەمخوێنی خرۆکەسوورەکان


Mar 23, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - کەمخوێنی (بە ئینگلیزی; anemia، بە عەرەبی; فقر دم) بریتییە لە کەمبوونەوەی خڕۆکە سوورەکان بۆ ژێر ئاستی ئاسایی. کەمخوێنی کوشندە (بە ئینگلیزی; pernicious anemia، بە عەرەبی; فقر الدم الخبيث) یەکێکە لە جۆرەکانی کەمخوێنی و هەروەها هۆکارێکی کەمخوێنی کەمی ڤیتامین B12. کە بە شێوەیەکی سەرەکی هۆکاری کەمخوێنی کوشندە بریتییە لە هێرشی بەرگرییە کۆئەندام و وادەکات کەسەکە نەتوانێت بڕی پێویستی ئەو ماددەیە دروست بکات کە پێی دەوترێت هۆکاری ناوەکی intrinsic factor.
 
هۆکاری ناوەکی ماددەیەکە لە لایەن خانە تایبەتمەندەکانی گەدەوە دروستدەکرێت و پێویستە بۆ هەڵمژینی ڤیتامین B12 لەلایەن ڕیخۆڵە باریکەوە. ڤیتامین B12 خۆراکە ماددەیەکی پێویستە کە یارمەتی دروستکردنی تەواوی خڕۆکە سوورەکان و فرمانی خڕۆکە سوورەکان دەدات لە جەستەدا. کەمخوێنی کوشندە نەخۆشییەکی دەگمەنە. بە ڕێژەی لە سەدا ٠.١ ی هەموو دانیشتووانی جیهان  دەکرێت تووشبووی ئەم جۆرەی کەمخوێنی بن، هەروەها ڕێژەی لە سەدا ١.٩ی ئەو کەسانەی سەرووی تەمەنی ٦٠ ساڵانن. هەروەها زیاتر لە ٥٠ لە سەدای کەمخوێنی کەمی ڤیتامین B12 لە پێگەیشتووان لە ئەنجامی کەمخوێنی کوشندەوەیە.
 
بۆچی پێیدەوترێت کەمخوێنی کوشندە؟
ئەم جۆرەی کەمخوێنی بۆیە پێی دەوترێت کوشندە لەبەر ئەوەی لە سەرەتادا بە نەخۆشییەکی کوشندە بووە، بە تایبەت بەهۆی ئەوەی چارەسەرییەکی بەردەست نەبووە لە لە کاتەکانی سەرەتای نەخۆشییەکە و بەمەش ئەو ناوەی لێ نراوە.
 
نیشانەکانی کەمخوێنی کوشندە چین؟
پەرەسەندنی کەمخوێنی کوشندە لەسەر خۆ و هێواشە بە شێوەیەکی ئاسایی، لەوانەیە ناسینەوەی نیشانەکانی ئاسان نەبێت. 
باوترین نیشانەکان بریتین لە:
 
ماندوویەتی
لاوازی
سەرئێشە
ئازاری سنگ
کەمبوونەوەی کێش
کاڵبوونەوەی پێست
لە دۆخە قورس و درێژ خایەنەکانی کەمی ڤیتامین B12، لەو دۆخانەی لە ئەنجامی کەمخوێنی کوشندەوە ڕوودەدەن. کەسەکان لەوانەیە نیشانەی دەروونی و بیر و هۆشییان لێ دەر بکەوت، لەوانە:
 
ناجێگیری لە ڕۆشتن
نەخۆشی دەماری (سڕی قۆڵ و باڵ)
بێ هێزی ماسولکەکان
خەمۆکی
بیر لاوازبوون
تێکچوونی بیر 
نیشانەکانی تری کەمی ڤیتامین B12، کە لە ئەنجامی کەمخوێنی کوشندەوەن بریتین لە:
 
ڕشانەوە و هێڵنجدان
شپرزەیی
قەبزی
کەمی ئارەزووی خواردن
دڵەکزێ
هۆکارەکانی کەمخوێنی کوشندە
کەمخوێنی ژەهراوی بەهۆی خۆیە بەرگرییە هەوکردنی گەدەوەیە هەروەها بێ توانای لە هەڵمژینی ڤیتامین B12 لە ڕیخۆڵە باریکەدا. لەگەڵ ئەوەی کەمخوێنی ڤیتامین B12 لە ئەنجامی کەمی ڤیتامین B12 لە ژەمە خۆراکەکانەوە. بەڵام کەمخوێنی کوشندە بەهۆی بێ تواناییە لە هەڵمژینی ڤیتامین B12 ـەوە. دوو هۆکار هەن بۆ کەمخوێنی ژەهراوی، خۆییە بەرگری و بۆماوە. کەمخوێنی کوشندە لە ئەنجامی هێرشی بەرگرییە کۆئەندامە بۆ سەر خانە تایبەتمەندەکانی گەدە و تێكشکاندنی ئەو خانانەیە، بەمەش لە دروستکردنی هۆکارە ناوەکییەکان دەوەستن و هەڵمژینی ڤیتامین  B12 لە ڕیخۆڵە باریکە کەمدەکەنەوە. هەندێک جار کەمخوێنی کوشندە لە ئەنجامی بەشداری خۆییە بەرگری لەگەڵ نەخۆشییەکانی کوێرە ڕژێن ڕوودەدات، لەوانە:
 
جۆری یەکی شەکرە
کەم دەردانی پاراسایرۆید
نەخۆشی ئەدیسۆن
نەخۆشی گرەیڤ
کێن ئەوانەی زیاتر تووشی کەمخوێنی کوشندە دەبن
هەنێک کەس زیاتر مەترسییان لەسەرە بۆ تووشبوون بە کەمخوێنی ژەهراوی، لەوانە: بوونی مێژووی تووشبوون لە خێزانەکەدا یان بوونی شەکرەی جۆری یەک، یاخود بوونی نەخۆشی تری بەرگرییە کۆئەندام، یانیش ئەو کەسانەی نەشتەرکاری لابردنی بەشێکی گەدەیان بۆ کراوە.
 
دەستنیشانکردنی کەمخوێنی کوشندە
چەندین پشکنین ئەنجامدەدرێن بۆ دیاریکردنی کەمخوێنی کوشندە لەوانە:
 
پشکنینی تێکڕای خانەکانی خوێن، لە ڕێی ئەم پشکنینەوە بە شێوەیەکی گشتی دەتوانرێت دەستنیشانی کەمخوێنی بکرێت، بە دیاریکردنی ڕێژەی هیمۆگڵۆبین و خوێن.
پشکنینی ڕێژەی ڤیتامین B12 کە لە ڕێیەوە دیاری دەکرێت ئایا کەمخوێنییەکە بە هۆی کەمی ڤیتامین B12 وەیە یاخود نا.
پشکنینی خوێن بۆ بوونی دژەتەنەکان، چەند دژەتەنێکی تایبەت هەن لەم نەخۆشییەدا دەردەکەون لەوانە (anti intrinsic factor antibody, anti parietal cell antiboy).
لە کەسێکی تەندروست بوونی دژەتەنەکان نیشانەی وڵامدانەوەی بەرگرییە کۆئەندامە بۆ پەلاماری وردە زیندەوەرە زیان بەخشەکانی وەک بەکتریا و ڤایرۆس. لە خۆییە بەرگرییە نەخۆشی وەک کەمخوێنی کوشندە، بەرگرییە کۆئەندامی کەسەکە ناتوانێ جیاوازی نێوان خانەی خۆیی و خانەی بێگانە بکات. لەم کاتەدا دژەتەنەکان پەلاماری خانەکانی گەدە دەدەن و تێکیدەشکنێنن، کە فرمانی ئەو خانانە دروستکردن و دەردانی هۆکارە ناوەکییەکانە و بەمەش فرمانەکەی دەوەستێنن.
 
چارەسەرکردنی کەمخوێنی کوشندە
چارەسەرییەکە بریتییە لە دوو بەش:
 
چارەسەرکردنی کەمی ڤیتامین B12
چارەسەرکردنی کێشەی هەڵمژینی ڤیتامینەکە لە لایەن ڕیخۆڵە باریکەوە
سەرەتا کەمی ڤیتامین B12 چارەدەکرێت بە پێدانی دەرزی و دەبێت ڕۆژانە یاخود هەفتانە وەربگیرێت، لەگەڵیشیدا لەوانەیە پزیشک چەند چالاکییەکی جەستەی دابنێت. دواتر لە ڕێژەیەکی دیاریکراوی ڤیتامینەکە لەوانەیە چیتر پێویست نەکات کەسەکە بۆ وەرگرتنی ڤیتامینەکە سەردانی پزیشک بکات بەڵکو لەماڵەوە وەریبگرێت بێگومان ئەمە بە پێی ڕێنمایی پزیشک و تا ئەوکاتە ڕێژەی ڤیتامینەکە ئاسایی دەبێتەوە لە جەستەدا. لە پاشان کاتێک کەسەکە دەگاتە ڕێژەی ئاسایی ڤیتامین B12 پێویستە بەشێوەی حەپ بەردەوام بێت لە وەرگرتنی ڤیتامینەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناتەواوی لە هەڵمژینی ڤیتامینەکە.
شارا نەوزاد