حکومەتی هەرێم لەبارەی دووکانەکانی لەنگەی هەولێر بڕیارێک دەردەکات

(0) / / کردستان / زایەڵە کوردستان


Mar 24, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ کۆتایی مانگی رابردوو لە رووداوێکدا بەشێکی دووکانەکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر سووتان. بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پارێزگاری هەولێرەوە لە کرێی شەش مانگی دووکانەکانی بازاڕەکە و پارەی کۆکردنەوەی زبڵی شەش مانگی ئەو بازاڕە خۆش دەبێت.
ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی لێخۆشبوونی کرێی شەش مانگی دووکانەکان و کرێی کۆکردنەوەی زبڵی بازاڕی لەنگەی هەولێری تەواو کردووە. ئەوەی ماوە دەبێت پارێزگاری هەولێر نووسراوەکە واژۆ بکات.
بەرپرسێکی باڵا لە حکومەت ڕایگەیاندووە، نووسراوی ئەنجوومەنی شارەوانی گەیشتووەتە پارێزگای هەولێر و ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر واژۆی دەکات و بە فەرمی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئێوارەی 27ـی مانگی رابردوو، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە. دوای رووداوەکە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە 166 دووکان سووتاون و 90 کەسیش لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی، کاسبکاران و هاونیشتمانییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە.
دووکانەکانی بازاڕی لەنگەی هەولێر موڵکی شارەوانیین و خاوەنەکانیان دەبێت کرێی مانگانە بدەنە شارەوانی هەولێر.
کامەران کەریم