راگەیەندراوێك لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی  پرۆژەی هەژماری من

(0) / / اقتصادی / زایەڵە هەژماری من


Mar 26, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزارەتی دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، ماوەیەكە هەندێك زانیاری نادروست و چەواشەكارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەكرێتەوە و دەڵێت هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت دەستكاری حسابی هیچ خاوەن هەژمارێك بكات جگە لە خاوەنی هەژمارەكە خۆی نەبێت.

بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی زایەڵە كەوتووە و تێیدا هاتووە، مەبەستی پرۆژەی هەژماری من دروستكردنی بانك نییە، بەڵكو پرۆژەیەكی گشتگیری دارایی پێشكەوتووە كە ئامانج لێی دابینكردنی رێگایەكی پارێزراو و گونجاوە بۆ فەراهەمکردنی چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و بانكی سەردەم و دابینكردنی مووچە و پێدانی چەندین جۆری قەرز و سولفە و پێشینە لەلایەن بانكەكانەوە بۆ فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی كوردستان و  هەروەها سەرچاوەیەكە بۆ رێگریكردن لە سپیكردنەوەی پارە و كۆتایهێنان بە گەندەڵی.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، سەرجەم ئەو بانكانەی بەشدارن لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و باوەرپێكراون و هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنی ئەو بانكانەی كە تەندروستن و هیچ سزایەكیان لەسەر نییە لە پەیوەندیەكی بەهێزداین لەگەڵ گەنجینەی ئەمریكا و سەرجەم ئەو بانكانە ناسراون و خاوەن ئەزموون و ژێرخانی دیجیتاڵیی بەهێزن. 

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ژمارەی بانكە بەشداربووەكانی پرۆژەكە بەردەوام لە زیادبووندایە و بەشداربووی پرۆژەی هەژماری من ئازادە لە هەڵبژاردنی بانكی دڵخوازی خۆی لەناو پرۆژەكە و گۆڕینی بانكێك بۆ بانكێكی تری ناو پرۆژەكە و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێت دەستكاری حسابی هیچ خاوەن هەژمارێك بكات جگە لە خاوەنی هەژمارەكە خۆی نەبێت".    

وەزارەتی دارایی دەشڵێت، "هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرێك بەپێی قەبارەی مووچەكەی و ئەو ڕەسیدەی لەڕێگای هەژمارەكەیەوە بەدەستیدەهێنیت سوودمەند دەبێت لە قەرز و پێشینەكان لەلایەن بانكە ئەهلییەكانەوە.

کامەران کەریم