قوباد تاڵەبانی: هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کێشەی مووچە چارەسەر بکەین

(0) / / کردستان / زایەڵە قوباد تاڵەبانی مووچە


Mar 27, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی کرد لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.

لە کۆبوونەوەکەدا کە لە هەولێر بەڕێوەچوو و جەیمس گۆڵدمان، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوو، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاری کراوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیش، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا هەوڵەکان بەردەوامن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکان و بە تایبەتیش چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و جەختیشی کردەوە، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کێشەی بودجەی هەرێم و مووچەی فەرمانبەران بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکەن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتنی زیاتر لەنێوان هەرێم و بەغداد.

کامەران کەریم