د نیهاد خالد بۆ زایەڵە: ئەوەی لەبارەی مەترسیەکانی سەپاندنی (هەژماری من) نەوتراوە

(0) / / گفتگو / زایەڵە کوردستان نیهاد خالد


Mar 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - د، نیهاد خالد پسپۆڕی ئابوری شارەزا لەکاروباری بانک بەزایەڵەی ڕاگەیاند،  لەڕوی مەنتیق و لۆژیکەوە ئەبوایە حکومەتی هەرێم حەزی نەکردایە خەڵکێکی زۆر پڕۆژەی (هەژماری من) پڕ بکەنەوە چونکە داماوانە ناچارن مانگانەو ساڵانە ئەو هەموو خزمەتگوزاریە[ 37 جۆر خزمەت] پێشکەش بەزیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەر بکەن و سیولەیەکی بێشوماری دارایی ئەوێت، فەقیرانە ئەوان ئێستا ناتوانن تەنها موچەیەک دابین بکەن چی بگات بەو هەموو خزمەتە.

ئاماژەی بەوەش دا؛ هەروەها ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگریشە هەر کات شتێک قازانجی بۆ مرۆڤ هەبێت بەزۆر ناسەپێنرێت بەتایبەت ئەگەر ئەو قازانجە ماددی بێت و بەرچاو بێت ئەوە خەڵک خۆی سەرەی بۆ ئەگرێت، کەلەوانەیە بۆ قازانجە مەعنەوی و نادیارەکان وانەبێت. ئەوەتا خوای تاک و بەخشەر زەو هەموو ڕەحم و بەزەییەوە و بەیەقینەوە هەموو قازانجەکانی ئیمان هێنان بۆ مرۆڤ باس ئەکات، بەڵام دواجار مرۆڤ سەرپشک ئەکات لەئیمان هێنان دەفەرموێت (فمن شاء فليؤمن ومن شاء فليكفر) کێ دەیەوێت ئیمان بهێنێت و هەرکەسیش نایەوێت با کافر بێت. 

وتیشی، لەڕوی زانستی بانکیەوە پێشنیاری کردنەوەی (هەژماری من) یان هەر پێشنیازێکی تر بۆ فەرمانبەران شتێکی ئاساییە بانکێکی ئەهلیش دەتوانێت پێشنیازێکی لەوجۆرە بکات و بەشان و باڵیا هەڵبدات و ڕیکلامی بۆبکات، بەڵا ئەوەی نائاسایی و نایاساییە بەزۆر بتەوێت بیسەپێنیت ، وەک ئەوەی حکومەتی هەرێم لەسەرزاری سەرۆک وتەبێژو بەشێک لەوەزیرەکان شەوو ڕۆژ بەشان و باڵی ئەم هەژمارەیە هەڵئەدەن و دنیایەک خزمەتگوزاریان خستۆتە ناو ئەم هەژمارەوەو تەنهاو تەنها بەرژەوەندی موچەخۆریان ئەوێت بەزۆریش ئەیسەپێنن، باشە کاکە هەر بەزمانێکی سادە تۆ حەقت چیە بەسەر منەوە ئەگەر من ئەو خزمەتگوزاریانەم نەوێت.تۆ بڵێی ئەم دەسەڵاتە کەبەملیاران دۆلاری موچەخۆرانی خواردووە لەدەساڵی ڕابردوودا تا ئەو ئەندازەیە تۆبەی کردبێت و دڵسۆزمان بێت، ئەی بۆ وەک یەکەم هەنگاوی نیەتپاکیتان سەرجەم پاشەکەوت و نیوموچەکان و فروقاتی چەند ساڵی ڕابردووی تەرفیع ناخەنە سەر ئەو هەژمارەو پاشان موچەخۆر سەرپشک بکەن لەوەی موچەکانیان گوازنەوە بۆ ئەم هەژمارە بەدڵنیایەوە ئەوکات موچەخۆران خۆیان ئەو کارە ئەکەن هیچ زۆرلێکردنی ناوێت، بەڵام نەخێر گەلی برا چەند گوریسێکی تر هەیە لەناو ئەم ماستەی (هەژماری من)،  لێرەدا ئەو چەند گوریسە دەخەینە ڕوو .

هێمای بەوەشکرد،یەکەم  بەپێی ئەزمونمان لەگەڵ سلوکی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەتوانرێت سەپاندنی وەها هەژمارێک بەکار بهێنرێت بۆ گۆڕینی موچە لەخەم و بەرژەوەندی گشتیەوە بۆ خەم و بەرژەوەندیەکی تایبەت واتە مانگانە هەرکەس خۆی ئەچێت بەدەم موچەکەیەوە هەندێک دەتوانن هەموی وەرگرن هەندێک ئەتوانن نیوەی وەرگرن لەوانەیە هەبێت نەتوانێت هیچی وەربگرێت بەڵام لەبەرئەوەی گرفتەکان کەسین و بەبەرنامە لەشوێنە جیاوازەکان بڵاوەیان پێکراوە ناتوانرێت هەستی پێ بکرێت و گردبونەوەو خۆپیشاندانی بۆ ساز بکرێت ..هتددووەم، بەرئەنجامی ئەو خاڵەی سەرەوە دەتوانرێت بۆسودبینین،لەخزمەتگوزاریەکانی قەرزو سلفەو تەرفیع و .. هتد  ئینتیمای حزبی و شەخسی بکرێتە بناغەو هەرکەس پاڵپشتی حزبی و ئیداری هەبوو دەتوانرێت لەخزمەتگوزاریەکان سودمەند بێت ، بەپێچەوانەشەوە ئەوانەی پاڵپشتی ئیداری و حزبیان نەبێت یان هەر ڕەفتاێک بکات بەدڵیان نەبێت لەسەر فەرمانبەر  زۆر بەئاسانی ئەتوانن مەحرومی بکەن لەخزمەتگوزاریە داراییەکان ئەوانەی خۆیان ناویان ناوە (37)جۆر خزمەتگوزاری،سێیەم، لەکاتی گرفتەکان تەنها ڕێگا ئەیهێڵنەوە لەبەردەم مامۆستایان و فەرمانبەران گرتنەبەری ڕێگای دادگای ئیداری ، کەئەویش زۆر بەئاسانی و بێ ماندوبوون خۆیانی لێ دەرباز ئەکەن چونکە دیارە دەسەڵاتی دادوەری لەهەرێم لەهەرودوو زۆنەکە چۆن کاردەکات، جگە لەوەی ڕێگای دادگا ئەوەندە تولانی و کیسەڵ ئاسایە لەیەکلا کردنەوەی دۆسیەکان، خەرجیەکانی زیاتر ئەبێت لەدەستکەوتەکان.چوارەم ، ئەو کارتە سیستەمێکی پێشکەوتوە بەهۆی زانیاریەکانی ناوی ئەتوانن کۆنترۆڵی ویست و ئیرادەی فەرمانەر بکەن و کۆمەڵگایەکی کۆیلەیی بەدڵی خۆیان دروست بکەن تەنانەت ویست و ئیرادەی مندڵی فەرمانبەرانیش بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە لەداهاتوش وەک ڕێگەیەکی دڵنیایی ئەو کارتە بەکاری بهێنن بۆ زۆر شتی تر لەوانەش دەنگدانی ئەندامانیان.

ئەوەشی خستەڕوو، لەکۆتاییدا من نازانم کۆتایی ئەم ململانێیەی دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتی هەرێم بەچی و بەکوێ دەگات، لەوانەیە بەهۆی سەفقەیەک هەمومان ناچار بەکردنەوەی ئەو هەژمارە بکرێین دواجار سەربگرێت، بەڵام ئەمە ئەو ڕاستیە ناگۆڕێت کەهەموو ئەو ئەگەرانەی سەرەوە بیری لێکراوەتەوە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆیان و دەسەڵاتیان، بۆیە هەردوو زۆنەکە لەسەری هاودەنگن زیانەکەشی ئەوە ئەبێت بەئاسانی ئەتوانن یاری بەشکۆی موچەخۆران بکەن وەک پێشتر کردوویانە.

کامەران کەریم