قائیمقامیەتی سلێمانی ئەم فرۆشیارانە روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكاتەوە

(0) / / کردستان / زایەڵە سلێمانی کوردستان


Apr 08, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە ـ قائمقامیەتی سلێمانی هۆشداری بەدایكان و باوكان دەدات كە رێگری لەبەكارهێنانی ئەم جۆرە یاریەی منداڵەكانتان بكەن و دەشڵێت: لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە فرۆشیارانی روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكەنەوە.
گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەزایەڵەی ڕاکەیاند،  بەهۆی هەبونی مەترسی لەسەر سەلامەتی ئەو منداڵانەی یاری پێ دەكەن و بەرامبەرەكەیان، لیژنەی یەكی قائیمقامیەتی سلێمانی لەناوچەی قولەرەیسی و چەند ناوچەیەكی دیكەدا، دەستی بەسەر بڕێكی زۆر تەقەنی و  چەكی مورودا گرتوە.
وتیشی، لەگەڵ ئەوەی ئەم جۆرە یاریانە، مەترسی لەسەر ئەو منداڵانەی یارییان پێدەكەن دروست دەكات،  دەبێتە هۆی بێزاربونی هاوڵاتیان بەگشتی و بەتایبەتی ئەو شوێنە و جێگەیانەی منداڵ بۆ بەسەر بردنی كاتەكانی خۆیان روی لێدەكەن.
گۆران قادر، هۆشداری بەدایكان و باوكان دەدات، زیاتر ئاگاداری منداڵەكانتان بن و رێگری لە كڕینی  تەقەمەنی و چەكی مورو بكەن، مەهێڵن منداڵەكانتان یارییان پێبكەن لەبەر ئەوەی روداوی نەخوازراوی لێ دەكەوێتەوە.
رونیشیكردەوە، بەفەرمانی قائیقامی سلێمانی تەواوی ئەو تەقەمەنی و چەكە مورویانە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبون و لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە لەناودەبەن و خاوەنەكانیشیان روبەڕوی سزا دەكەنەوە.
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا لیژنە هاوبەشەكان لەئەركدا دەبن و لە هەرشوێنێك بفرۆشرێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت و فرۆشیارەكەش لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە روبەڕوی رێكاری یاسایی توند دەكرێتەوە.
بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن.
کامەران کەریم