ئارێز عەبدوڵا: هەوڵێک هەیە کوردی ئێزیدی بکەن بە نەتەوەیەکی جیاواز

(0) / / گفتگو / زایەڵە ئارێز عەبدوڵا ئێزیدی


Jun 10, 2024

قەبارەی فۆنت:
زایەڵە - ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی  یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەزایەڵەی  ڕاگەیاند:هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی کوردی ئێزیدی بکەن بە نەتەوەیەکی جیاواز و بۆ ئەو مەبەستەش بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق ئیمزیان کۆکردۆتەوە تا بڕیاری دروستکردنی نەتەوەیەکی تر لە عێراق بدەن، سەیر لەوەیە ئەگەر نەڵێم هەموو دڵنیام زۆربەی هەرە زۆری ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان کردوە ئەگەر بۆیان بچێتە سەر ئامادە نین دان بە (نەتەوەبوونی کورد)یش بنێن، بەڵگەش ئەوەیە ئەوان نەک تەنیا لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کوردستان نین، بگرە دژی جێبەجێکردنی ئەو ماددە دەستوریانەشن کە بەشێک لە مافەکانی گەرەنتی دەکەن، ماددەی (١٤٠) بە نموونە. ئەو ژاوە ژاوە نوێ نییە، پێشتریش هەوڵدراوە کە نەک هەر ئێزیدی، بەڵکو کوردی شەبەکیش بکەنە نەتەوەیەکی جیاواز  و کلدوئاشوریش بکەن بە سێ نەتەوەی جیاواز کلدان، ئاشوری، سریان،ئایا بەڕاستی ئەو هەوڵانە لە پێناو و بۆ بەرژەوەندیی ئێزدیانە یان بۆ پارچە پارچەکردنی گەلی کوردستانە.
وتیشی: ئێمە تێدەگەین ئامانجی ئەوانە چییە، بەڵام ئەوەی جێی داخە چەند کەسێکی ئێزیدی لە بێئاگایی یان لە دڵرەنجانەوە پشتیوانی ئەو پڕۆژە گوماناوییە دەکەن و هەندێکیان لەوانەی کاتی خۆی بە بیروباوەڕی بەعس پەروەردەبوونە بەبێ ڕەچاوکردنی پێشهاتە ئایندەییەکان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی پیلانێکی مەترسیدار بۆ سەر خۆیان بەتایبەت و گەلی کوردستان بەگشتی.کەس ناتوانێ لە جیاتی ئێزیدیەکان ئەو بڕیارە بدا، ئەگەر کاریش گەیشتە سەر بڕیاردان پێویستە ئەو بابەتە لە ناو خودی خوشک و برا ئێزیدیەکان بە ریفراندۆمێک یەکلایی بکرێتەوە، نەک پەرلەمان بڕیاریان بۆ بدات. دەنا هەر هەوڵ و بڕیارێکی لەو جۆرە جگە لە تێکدانی سەقامگیری و دابەشکردن و پەرتەوازەکردنی زیاتری پێکهاتەکانی عێراق هیچی تر نییە. هەر لەو بارەیەوە ساڵی( ٢٠١٨)ش ئەو بابەتە لەناو پەرلەمانی عێراق وروژێندرا و خرایە بەرنامەی کار، بەڵام ئەو کات ئێمە نوێنەرانی کوردستان بەتایبەت (یەکێتی و پارتی) دژی وەستاینەوە و سەرۆککۆماریش هاتە مەیدانەکە و ئەنجام ئەو بڕگەیە لەبەرنامەی کار لادرا. 
ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە ناڵێین ئێزیدیەکان مافی بیرکردنەوە و بڕیاردانیان لە چارەنووسی خۆیان نییە، بەڵکو پێمان وایە ئەو جۆرە هەوڵانە بە پلەی یەکەم زیان بەوان دەگەیەنێ، چونکە لانی کەم دابەشی دوو ئاراستەی جیاواز دەبن و خۆشیان دەزانن ئەوان ئەگەر یەک پەرلەمانتاریان بە کۆتا هەبووبێ ئەوا هەمیشە لەوە زیاتریان لە ناو لیستە کوردستانیەکان هەبووە.پێویستە ئەو بابەتە بەهەند وەربگیرێ و لە کوردستان گفتوگۆی لەسەر بکرێ و گوێ لەوانەش بگیرێ، کە ئەو خواستەیان هەیە.
کامەران کەریم