رزگاربوویەکی یەختە نقومبوەکەی ئیتاڵیا باس لە کوژرانی کچەکەی لەلایەن کۆچبەرێکی دیکەوە دەکات

(0) / / اجتماعی / زایەڵە ئیتاڵیا کۆچبەر مژدە عومەر


Jul 03, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ڕزگاربوویەکی نێو یەختە نقومبووەکەی کەناراوەکانی ئیتاڵیا لەبارەی کوژرانی کچەکەی لەلایەن کۆچبەرێکی دیکەوە دەڵێت" لە بەرچاوی خۆم کچە ١٦ ساڵانەکەی کوشتم". 

مژدە عومەر یەکێک لە ڕزگاربووانی بەلەمەکەی ئاوی ئازاد لە ئیتاڵیا، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە" ئێمە دۆخمان خراپ نەبوو لە ڕووی ئابورییەوە، چونکە مێردەکەم زەڕەنگەربوو، تەنها بۆ دابینکردنی داهاتووی مناڵەکانمان لەڕووی خوێندن و گوزارەنیان دەمانویست بگەیەنە وڵاتانی ئەوروپا، لە خانەوادەکەم کە شەش کەس بوین چوار کەسمان تیاچوون لە ڕووداوی نوقمبوونی بەلەمەکەی ئاوی ئازاد کە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە نزیک سنورەکانی ئیتاڵیا نوقمبوو، سێ مناڵ و هاوسەرەکەم، لەماڵی خوشکەکەشم تەنها خوشکەزایەکم ماوەتەوە، دوای نوقمبوونی بەلەمەکە، یەکێک لە کۆچبەرەکان کە ئەویش لەگەڵ منداڵ و ژنەکەی هاتبوو، لەبەرچاوی خۆمدا کچە ١٦ ساڵانەکەی کوشتم". 

دەشڵێت"  ئەو کەسەی لەسەر بەلەمە شکاوەکە کچەکەمی کوشت، خۆی یەکێک بوو لە سەرنشینانی بەلەمەکە، هیچ کێشەی دەرونیمان لێ بەدی نەدەکرد، ئاسایی بوو، دەگەڕا بەسەر خەڵکی بەلەمەکە پێش نوقمبوون داوای ئاوی بۆ شیری منداڵەکەی دەکرد لەگەڵ داوای ترش، یا لیمۆ، زۆر ئاسایی بوو، بەڵام چوارەم ڕۆژ پاش ئەوەی لە شەوی پێشتر مێردەکەم و دوو منداڵم مردن کە زیاتر دوو منداڵەکەم ڕەقبونەوە، ڕاستە کچە ١٦ ساڵەکەم بەهۆی شەپۆلی ئاوەکەوە ماندوو بوو هێنابومەنە سەر لایەکی بەلەمە نوقمبووە شکاوەکە درێژم کردبوو، دۆخی باشبوو، بەڵام ئەو پیاوە هات لەسەر سنگی دانیشت تا کەف لە دەمی هاتە دەر و چاوی دەرپەڕی و گیانی لەدەستدا ئیتر هەستایە سەرپێ کەزانی کچەکەمی خنکاندووە وتی ئۆخەی دڵم ئیسراحەتی کرد، دوو پیاوی سەرنشینی بەلەمەکە و خۆشم هاوارم کرد بۆ وادەکەی وامەکە". 

ڕاشیگەیاند" ئەو دوو پیاوەش دەرەقەت نەهاتن چ جای من، ئیتر دوو پیاوەکە هاتن وتیان دادە هیچ ناکرێت لە ترسی ئەوەی خۆشمان فڕێنەدا و کوڕێکەی ترم کە ئێستا تاکە مناڵمە لە ژیانم ئەویش نەکوژێ نەمانتوانی هیچ بکەین، ئەو دوو پیاوە وتیان تەرمی کچەکەت فڕێدە ئاوەکە خۆمان ئەگەری هەیە دەرنەچین ئیتر فڕێمدایە ئاوەکە، ئەو پیاوە مناڵەکەی خنکا، سەرنشینانی ڕزگاربووی یەختەکە دەڵێن، ژن و مناڵەکەی خۆشی خنکاندووە، بەڵام من ئەوەیان نازانم چونکە بەچاوی خۆم نەمدی، ئەوەی بینیم ژنەکەی سەری لە ئاوەکەدا بوو شەپۆل لێی دەدا لەبەردەمیدا بوو، وتم کاکە بۆ سەری خێزانت دەرناکەی لەئاوەکە، وادەخنکێ ڕزگاری بکە، ئینجا دەستی برد سەری دەرهێنا بەڵام ژنەکە گیانی لەدەستدا". 

وتیشی" کاتێک پۆلیسی فەرەنسا ڕزگاری کردین، من لە دوو ڕزگاربووم پرسی، ئەوانە پۆلیسن سکاڵام هەیە، ئیتر هاتە لامەوە وتی، بەس سکاڵام لەسەر تۆمار مەکە پارەت دەدەمێ و دەشتنێرمەوە کوردستان، من پێم وت لاکەوە بانەتبینم، ئێستا خوشکەزایەکم لە ماڵی خوشکەکەم کە ئەوانیش لەناو بەلەمەکە بوون بە تەنها ئەو ماوە". 

ئاماژە بەوەشدەکات" تاکە شتێک ئێستا دەمەوێ و بۆی دەژم ئەوەیە مافی کچەکەم وەربگرمەوە لەو تاوانبارەی کچەکەمی کوشت، شاهێدم هەیە، ئەوانەی ڕزگاریان بووە شاهێدیان بۆ داوم لای پۆلیسی ئیتاڵیا، بە ڕاستی کوشتنی ئەو کچەم لەسەر بەلەمەکە زۆر قورستر و سەختر و ناخۆشترە بۆم لە خنکانی دوو منداڵ و هاوسەرەکەم، چونکە ئەوان بە ئەمری خوا بوو خنکان، بەڵام کچەکەم لە بەرچاوی خۆم ئەو کەسە خنکاندی، هەمیشە دێتەوە بەرچاوم کە کەف لە دەمی هاتەدەر و چاوی دەرپەڕی".