ڤایرۆسێک کە لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا باوە کە ئەگەری تووشبوون بە ئۆتیزم زیاد دەکات

(0) / / هەمە ڕەنگ / زایەڵە ئۆتیزم منداڵ نەخۆشی


Jul 18, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە ڤایرۆسێک کە لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا باوە، ئەگەری تووشبوون بە ئۆتیزم زیاد دەکات.

توێژینەوەکە تۆمارە پزیشکییەکانی نزیکەی سێ ملیۆن کۆرپەی پشکنیووە و دەرکەوتووە ئەو منداڵانەی کە بە ڤایرۆسی سیتۆمیگالۆ (CMV) لەدایکدەبن، ئەگەری تووشبوونیان بە ئۆتیزم دوو هێندە و نیو زیاترە.

مێگان بیش، پزیشکی منداڵان و نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە لە زانکۆی میشیگان رایگەیاند، هەرچەندە پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێت، بەڵام توێژەران پێیانوایە رەنگە ئەم نەخۆشییە ببێتە هۆی هەوکردن لە مێشکی کۆرپەلەدا، ئەمەش رێگری لە گەشەکردنی دەکات.

دەیلی مەیل لە زاری ئەو پزیشكەوە ئاشكراشیكرد، کچەکەی بە نەخۆشیی (CMV) و ئۆتیزم لەدایکبووە، هەرچەندە لە کاتی لەدایکبوونیدا بە تەواوی تەندروست دەرکەوتووە. خواستی خۆیشی دەربڕی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە ڤایرۆسەكە، بۆ ئەوەی پشکنین لە کاتی دووگیانیدا زیاتر ببێت.

ڤایرۆسی سایتۆمیگالۆ (CMV) بەزۆری تاڕادەیەک بێ زیانە، تەنانەت رەنگە درک بەوە نەکەیت کە منداڵەکەت تووشی بووە، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی نیشانەکانی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا. هەوکردن کاتێک روودەدات کە کەسێک بەر لیکی کەسێکی تووشبوو دەكەوێت.

کاتێک دایک لەکاتی دووگیانیدا تووشی CMV دەبێت، ڤایرۆسەكە توانای تێپەڕبوونی بە منداڵدان و تووشکردنی کۆرپەکەی هەیە.

ئەو پزیشكە وتی، "هەندێک لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 90%ی حاڵەتەکان لە کاتی لەدایکبووندا رەنگە دەستنیشان نەکرێن".

روونیشیکردەوە، پشکنینی پێشوەختەی ڤایرۆسەكە (کاتێک منداڵی ساوا لە سکدایە) دەتوانێت دەرفەتێک بدات بە پزیشکەکان بۆ راگرتنی CMV پێش ئەوەی زیان بە مێشکی کۆرپەلە بگەیەنێت.

ئۆتیزم دەبێتە هۆی کۆمەڵێک رەفتار و هەندێک لە نیشانە باوەکانی بریتین لە، هەستیاری بە ژاوەژاو، کێشە لە لێکدانەوەی ئاماژە کۆمەڵایەتییەکان و دواکەوتنی توانای زمان.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشکی منداڵان بڵاوکراوەتەوە.

کامەران کەریم