٥٠  هەزار هاووڵاتی پاكستانی لە عێراق بێسەروشوێن بوون

(0) / / عراق / زایەڵە عێراق پاکستان


Jul 27, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەکان ٥٠ هەزار هاوڵاتیی پاكستانی بۆ زیارەتی عاشوورا هاتوونەتە عێراق و نەگەڕاونەتەوە وڵاتى خۆیان و لە ئێستادا بە نایاسایی لە عێراق كار دەكەن، دەشڵێت، هێزە ئەمنیەکانیش بەدوای ئەو هاوڵاتییانە دەگەڕێن.

ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق سەبارەت بە هاتنی هەزاران هاوڵاتى پاكستانی بۆ عێراق و نەگەڕانەوەیان بۆ وڵاتەكەی خۆیان، بۆ میدیاى فەرمی عێراق دەدوێت و ڕایگەیاند، نیگەرانین لە زیادبوونی ژمارەی كرێكارانی نایاسایی لە وڵاتەکەماندا و بەپێی ئامارەکان ٥٠ هەزار هاوڵاتی پاكستانی بۆ زیارەتی عاشوورا هاتوونەتە عێراق و نەگەڕاونەتەوە وڵاتى خۆیان و لە ئێستادا بە نایاسایی لە عێراق كار دەكەن.

دەشڵێت، هێزە ئەمنییەکانیش بەدوای ئەو هاوڵاتییانە دەگەڕێن تا دەستگیریان بکەن، چونکە ئەم دیاردەیە كاریگەری نەرێنی لەسەر ئابوری نیشتمانی و توانای كێبڕكێی بازاڕی كار دروست دەکات.

وتیشى، عێراق پێشوازی لە هاتنى گەشتیاران دەكات، جا بۆ گەشتوگوزاری بێت یان بۆ مەراسیمی ئایینی بێت، بەڵام پێویستە ڕێز لە یاسا و ڕێسا ناوخۆییەكانمان بگیرێت.

ئەحمەد ئەسەدی لە كۆتایدا باسى لەوەکرد، وەك حكومەت پابەندین بە پاراستنی مافی كرێكاران و ڕێكخستنی بازاڕی كار بە شێوەیەك، كە خزمەت بە بەرژەوەندی ئابووریی نیشتمانی بكات و دادپەروەری و یەكسانی لەنێوان هەموو كرێكاران چ ناوخۆیی بێت یان بیانی مسۆگەر بكات.

کامەران کەریم