ئەو چوار ژنە بەربژێرەى زۆرترین دەنگى بازنەکانیان بەدەستهێناوە

(0) / / زنان / زایەڵە هەڵبژاردن ژنان کوردستان


Oct 22, 2024

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - ئەو چوار ژنە بەربژێرانەى زۆرترین دەنگیان لە بازنەکانیان بەدەستهێناوە بە یەکسانى لە نێوان لیستى یەکێتى و پارتى دابەش بوون، زۆرترین دەنگ کە بەربژێرى دەرچووی ژن بەدەستی هێنابێت لە بازنەى هەولێر بووە کە زیاتر لە 13 هەزار دەنگە و کەمترینیان لە هەڵەبجەیە.
 
دووشەممە، 21ى تشرینى یەکەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى بڵاوکردەوە.
 
بە گوێرەى ئەنجامە بەراییەکان ڤاڵا فەرید، بەربژێرى لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بازنەى هەولێر وەک بەربژێرى ژن زۆرترین دەنگى لەسەر بازنەکەى و  ئاستى هەرێمى کوردستان بەدەستهێناوە، کە 13 هەزار و 483 دەنگ بووە.
 
لە بازنەى دهۆک وشیان خودێدا ئۆمۆ، بەربژێرى لیستى پارتى دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگى ئەو بازنەیە و دووەم زۆرترین دەنگى لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بەدەستهێناوە کە نۆ هەزار و 595 دەنگ بووە، ئەو بەربژێرە بە دەنگى خۆى دەبێتە ئەندامى پەرلەمان. 
 
بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، دەبێت 30%ى ئەندامانى پەرلەمان ژن بن، ئەگەر لە لیستێکدا بەربژێرێکى ژن دەنگى پێویست بەدەستنەهێنێت بۆ ئەوەى بە گوێرەى دابەشکاریى دەنگەکان سەربکەوێت، بۆ پڕکردنەوەى رێژەى 30% دەبێت بچێتە جێگەى بەربژێرێکى پیاو ئەگەرچى دەنگى زۆرتریشى بەدەستهێنابێت.  
 
لە بازنەى سلێمانی لاوێن مەحموود، بەربژێرى لیستى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان وەک بەربژێرى ژن زۆرترین دەنگى لەو بازنەیە بەدەستهێناوە و بە دەنگى خۆى دەبێتە ئەندامى پەرلەمان کە 6 هەزار و 111 دەنگی بەدەستهێناوە.
 
ئیمان فەرەج، بەربژێرى لیستى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان لە بازنەى هەڵەبجە، لە ریزبەندى یەکەمى زۆرترین دەنگى بەربژێرانى ژنە لەو پارێزگایە کە دوو هەزار و 79 دەنگى بەدەستهێناوە.