هەڵبژاردن گۆڕی! /  ئارێز عەبدوڵڵا

(0) / / هەڵبژاردن / زایەڵە هەڵبژاردن گۆڕی ئارێز عەبدوڵڵا


18 كاتژمێر لەمەوپێش

قەبارەی فۆنت:

زایەڵە - بەدەر لەوەی کێ دژ و کێ لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنە، بەدەر لەوەی کێ خۆی بە براوە دەزانێ و کێ بە دۆڕاو، بە دەر لەوەی کێ گومان لە دەستکاريکردنی ئامێرەکان دەکات و کێش پێیوايە ئامێرەکان بێ کەموکوڕين، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ بوو. 
گرنگ بوو، چونکە لانی کەم رێگری لە دروستبوونی ديکتاتۆر و تاکڕەوی کرد.
گرنگ بوو، چونکە چيتر لايەنێک ناتوانێت بە ناوی زۆرينەی ناڕاستەقينە بە ئارەزووی خۆی وڵات بەڕێوە ببات و نازيش بەسەر گەلدا بکات!
زووتر پارتی (٤٥) کورسی هەبوو، بەڵام ئێستا  نزيکەی (٣٩) کورسی، واتە (٦) کورسی لە دەستداوە، جا با بۆ خۆی هەر بڵێ براوەی يەکەمم!
زووتر بەخۆشی بوو بێ يان بە ترشی پارتی هەژموون و دەسەڵاتی بەسەر (١١) پەرلەمانتاری پێکهاتەکان هەبوو، بەڵام ئێستا رەنگە بتوانێت هەژموونی خۆی بسەپێنێتەوە سەر تەنیا (٣) کەس. واتە لە نوێنەرايەتی پێکهاتەکانيش (٨) ئەندامی لە دەستداوە. لەبەر ئەوە جارێکی دی پارتی ناتوانێت زۆرينەی بێ ناوەڕۆک دروست بکاتەوە و لەگەڵ هەر لايەنێکی ديش حکومەت پێکبينێت، لەژێر چاودێری و بەردەستی پەرلەمان دەبێت.
بڕواش ناکرێت يەکێتی يان هيچ لايەنێک ئامادە بێت بە هەمان شێوەی جاران لەگەڵ پارتی رێک بکەوێتەوە.
هەر رێکەوتنێکیش بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ گۆڕانکاری لە سيستەم و شێوازی بەڕێوەبردن مەحاڵە.
راستە هێشتا پارتی قەوارەی یەکەمە، بەڵام هەرگيز ناتوانێت ئەو پارتیيەی جارانی دەسەڵات بێت، بۆیە ئەگەر بەڕێژەیەکی کەمیش بێ هەڵبژاردن زۆر شتی گۆڕی.