خواردنەوە کحولییەکان لە یانە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق قەدەغە کرا
(0) /
زایەڵە - فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانى سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق نووسراو ئاراستەى ئەو یانانە دەکات کە لەلاى ئەو فەرمانگەیە مۆڵەتپێدراون بۆ جێبەجێکرنى بڕیارى قەدەغەى خواردنەوە کحولییەکان و دەڵێت: "بەپێچەوانەوە رێوشوێنى یاسایى دەگیرێتەبەر".
بە گوێرەى نووسراوێکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانى سەر بە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کە ئاراستەى یەکێک لە یانەکانى کردووە لەوە ئاگاداریان دەکاتەوە دروستکردن و فرۆشتنى ماددە کحولییەکان بەهەموو جۆرەکانییەوە لە یانە کۆمەڵایەتییە تۆمارکراوەکان لەو فەرمانگەیە، قەدەغەیە.
نووسراوەکە لەلایەن ئەشرەف عەبدولکەریم، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانەوە لە 17ى تشرینى دووەمى 2024 ئاراستەی یانەکان کراوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە ئەو نووسراوە ئاماژەکردن بووە بە دوو نووسراوى دیکەى وەزارەتى ناوخۆ لە11ى تشرینى دووەمى 2024 و دەستەى گەشتوگوزار لە 10ى تشرینى یەکەم.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکرێت رێوشوێنى یاسایی دەگیرێتەبەر.
قەدەغەکردنى خواردنەوە کحولییەکان لە هەموارى یاساى داهاتى شارەوانییەکاندا هاتووە کە لە 20ـی شوباتى 2023 چووە بوارى جێبەجێکردنەوە.
لە مادەی 14ـی یاساکە هاتووە: "هاوردەکردن، دروستکردن و فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە قەدەغە دەکرێت."
ئاراستەکردنى ئەو نووسراوە لەسەر داواى وەزارەتى ناوخۆ بووە بۆ تووندکردنەوەی رێوشوێنەکان لە دژى بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە خواردنەوە کحولییەکان بە تایبەت لە شوێنە گەشتیارییەکان.
بڕگەی دووەمی ئەو یاسایە سزای بۆ ئەو کەسانە دیاریکردووە، کە پێچەوانەی ئەو دەقە کاردەکەن، ئەویش پێبژاردنی داراییە کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نییە و لە 25 ملیۆن دیناریش زیاتر نییە.
کامەران کەریم
تێبينيێك بنێرە: